بە پێی لیستی توندیی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی خۆت بپارێزە

بە پێی لیستی توندیی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی خۆت بپارێزە
لیستی توندیی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی UV Index Scale لە هەموو جیهاندا پشتی پێدەبەسترێت بە مەبەستی گرتنەبەری هەنگاوەكانی خۆپاراستن لە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی لەكاتی گونجاودا. توندیی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی لە نێوان 0-2 واتە مەترسی نزم كە رەنگی سەوز دەنوێنێت، لێرەدا پێویست بە بەكارهێنانی چاویلكەی هەتاوی دەكات لەگەڵ خۆپاراستن لەو رووانەی كە تیشكی خۆر دەدەنەوە وەكو ئاو، زیخ، بەفر. توندیی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی لە نێوان 3-5 دا واتە مەترسی مامناوەندی كە رەنگی زەرد دەنوێنێت، لێرەدا پێویستە كە: شوێنی سێبەر هەڵبژێریت بەتایبەتی لەكاتی نیوەڕۆدا، لە دەرەوەی ماڵدا جلی گونجاو بپۆشیت لەگەڵ كاسكێتی سەر، چاویلكەی پاراستنی چاو لە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی بەكاربێنە، ئاوێتەیەكی دژەهەتاو هە 2 كاتژمێر جارێك بەكاربێنە كە فاكتەری پاراستنی لە هەتاو SPF لە ناویدا 30 یان زیاتر بێت، هەروەها پاش ئارەقەكردن و مەلەكردن، خۆت بپارێزە لەو شوێنانەی كە تیشكی خۆر دەدەنەوە. توندیی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی لە نێوان 6-7 دا واتە ئاستی مەترسی بەرز كە رەنگی نارنجی دەنوێنێت، لێرەدا پاراستنی پێست و چاو زۆر پێویستە، بۆ نموونە خۆت بپارێزە لەبەركەوتن بە تیشكی خۆر بەتایبەتی لە كاتی نێوان 10ی بەیانی تا 4 ی پاش نیوەڕۆ، لە دەرەوەی ماڵدا جلی گونجاو بپۆشە لەگەڵ كاسكێتی گونجاو، هەروەها بەكارهێنانی چاویلكەی هەتاوی، دژەهەتاو بەكاربێنە هەر 2 كاتژمێر جارێك هەتا ئەگەر هەور بە ئاسمانەوە بوو، خۆت لەو رووانە بپارێزە كە تیشك دەدەنەوە. توندیی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی لە نێوان 8-10 دا واتە ئاستی مەترسی زۆر بەرز كە رەنگی سوور دەنوێنێت، لێرەدا پێویستە كە دووركەویتەوە لە بەركەوتن بە تیشكی خۆر لە كاتی نێوان 10ی بەیانی تا 4 ی پاش نیوەڕۆ، لە دەرەوەی ماڵ تەنیا شوێنی سێبەر هەڵبژێرە لەگەڵ پۆشینی جلی تایبەت و كاسكێتی سەر و چاویلكەی هەتاوی، دژەهەتاوی SPF 30+ هەر 2 كاتژمێر جارێك بەكاربێنە هەتا ئەگەر هەور بە ئاسمانەوە بێت، خۆت بپارێزە لەو رووانەی كە تیشك دەدەنەوە. توندیی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی 11 یان زیاتر واتە ئاستی مەترسی یەكجار بەرز كە رەنگی وەنەوشەیی دەنوێنێت، لێرەشدا پێویستە كە دووركەویتەوە لە بەركەوتن بە تیشكی خۆر لە كاتی نێوان 10ی بەیانی تا 4 ی پاش نیوەڕۆ، هەروەها لە دەرەوەی ماڵ تەنیا شوێنی سێبەر هەڵبژێرە لەگەڵ پۆشینی جلی تایبەت و كاسكێتی سەر و چاویلكەی هەتاوی، دژەهەتاوی SPF 30+ هەر 2 كاتژمێر جارێك بەكاربێنە هەتا لە ئەگەر هەور بە ئاسمانەوە بێت، خۆت بپارێزە لەو رووانەی كە تیشك دەدەنەوە.
Top