لە هەفتەی جیهانیی شیرپێدانی دایکدا، سوودەکانی شیری دایک بزانە
هەرچەندە پێدانی شیری دایک بە منداڵی تازە لەدایکبوو بە مافێکی دایکەکە دادەنرێت و دایک ئازادە لە دان یان نەدانی ئەو بڕیارە، بەڵام ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ پزیشكی منداڵان داوا لە دایکان دەکات کە شیری خۆیان بدەن بە منداڵەکانیان.
سوودەکانی شیری دایک بۆ منداڵ
١- شیری دایک بە نزیکەیی گشت ئەو پرۆتین و چەوری و کانزا و ڤیتامینانەی تێدایە کە بۆ گەشەی منداڵ پێویستن، هەموو ئەو بەها خۆراکییانەی بە شێوەیەک تێدایە کە بە ئاسانی لەلایەن منداڵەکەوە هەرس دەکرێت.
٢- شیری دایک دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە ڕەبۆ یان حەساسیەت لە منداڵدا.
٣- دەرکەوتووە ئەو منداڵانەی لە شەش مانگی یەکەمی تەمەنیاندا شیری دایکیان پیدەدرێت کەمتر تووشی نەخۆشییەکانی گوێچکە و کۆئەندامی هەناسە دەبن، کەمتر تووشی سکچوون دەبن و کەمتر لە نەخۆشخانەکاندا دەخەوێنرێن.
٤- توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شێرپێدانی سروشتی دایک دەبێتەهۆی بەرزکردنەوەی ئاستی زیرەکی منداڵەکە، جگەلەمەش ئەو پەیوەندییە جەستەییەی لە نێوان منداڵەکە و دایکەکە دروستدەبێت لەکاتی شیرپێدان دەبێتەهۆی ئەوەی منداڵەکە لە رووی دەروونییەوە زیاتر ئاسوودە بێت.
٥- ئەو منداڵانەی شیری دایکیان دەخۆن چانسی قەڵەوبوون و تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەیان کەمترە کاتێک گەورەتر دەبن.
سوودەکانی شیرپێدانی دایک بۆ دایکەکە خۆی
١- شیرپێدان دەبێتەهۆی ئەوەی دایکەکە کالۆری زیاتر بسووتێنێت، ئەمەش هاوکاری دەکات کێشی لەشی خۆی کەمبکاتەوە لەدوای زیادبوونی بەهۆی دووگیانبوونەوە.
٢- شیرپێدانی سروشتی دەبێتەهۆی دەردانی هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین، ئەمەش هاوکاری منداڵدانی دایکەکە دەکات زووتر بگەڕێتەوە قەبارەی ئاسایی خۆی و دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی خوێنلێڕۆیشتن لە منداڵداندا لە دوای لە دایکبوونی منداڵەکە.
٣- یەکێكی تر لە سوودە هەرە گرنگەکانی شیرپێدانی دایک بریتییە لە کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی هێلەکەدان و پووکانەوەی ئێسک.
