چۆن خۆت لە دڵەكزێ دەپارێزیت؟

چۆن خۆت لە دڵەكزێ دەپارێزیت؟
دڵەكزێ Heartburn باوترین گرفتی كۆئەندامی هەرسە . بەگشتی دڵەكزێ پێوەندی بە جۆری خۆراك و قەبارە هەیە، بۆیە یەكەم هەنگاو بریتییە لە كەمكردنەوەی ئەو جۆرانەی خۆراك كە دەبنە ئەگەری زیادبوونی ترشەلۆكی گەدە و دڵەكزێ یان گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدە بۆ بەشی خوارەوەی سوورێنچك. بۆ خۆپاراستن لە دڵەكزێ پەیڕەوی ئەم هەنگاوانە بكە: كەمكردنەوەی خۆراكی سووركراوە Fried لەناو زەیت كە هاندەرن بۆ دڵەكزێ لەوكاتەی كە چەوری بەگشتی گرفت بۆ كۆئەندامی هەرس پەیدا دەكات و بۆ هەرسبوون كاتێكی زۆری پێویستە، ئەمەش بارگرانی دەخاتە سەر گەدە، هەروەها كەمكردنەوەی خۆراكی تیژ و ساسی جۆراوجۆر، لەگەڵ كەمكردنەوەی شلەمەنییە گازییەكان و شەربەت یان شیرەی دەستكردی میوە. رەنگە دەستكردەكان و ماددەی كیمیایی تری ناو خۆراكی دەستكردی وەكو قەنادی، شیرینی، كێك، ئایس كرێم..تاد هۆكارن بۆ زیادبوونی ترشەلۆكی گەدە، بۆیە كەمكردنەوەیان پێویستە. لە جیاتی گۆشتی چەور واباشترە كە ماسی یان مریشك بە كەمی بخۆیت. شیر هاندەرە بۆ زیاد دەردانی ترشەلۆكی گەدە بەتایبەتی لەسەر گەدەی پڕ، هەروەها كەرە، میوەی مزر، تەماتە، پیاز، سیر، بیبەری تیژ، پەنیر، ئاڤۆكادۆ، شوكولاتە، قاوە. شیرەی نەعناع هۆكارە بۆ خاوبوونەوەی ئەڵقەی ماسوڵكەیی نێوان سوورێنچك و گەدە كە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدە بۆ بەشی خوارەوەی سوورێنچك و هەستكردن بە دڵەكزێ، دەتوانیت پاش فتار چای زەنجەبیل لەجیاتی شیرەی نەعناع بخۆیتەوە. هەوڵ بدە كە لە هەر دوو ژەمی خۆراك لەسەرخۆ بخۆیت، راستەوخۆ بال مەكەوە، جوینی بنێشت لەپاش ژەمی خوراك هاندەرە بۆ دەردانی لیك و هاوسەنگكردنەوەی ترشێتی گەدە.
Top