نیسك Lentils لەبەر بەها خۆراكییە بەرزەكەی بە سوپەرخۆراك ناسراوە. شۆربای نیسك سەرەڕای ئەوەی كە خۆراكێكی سووكە و خێرا ئامادە دەكرێت و هەرسكرنی ئاسانە، سوودی تەندروستی زۆر لەخۆدەگرێت، بۆیە رێنمایی دەكرێت كە ببێتە بەشێكی گرنگ لەكاتی فتاردا. دەتوانرێ كە شۆربای نیسك لەگەڵ زۆر جۆری خۆراكی تردا تێكەڵ بكرێت بەمەبەستی خۆشكردنی چێژ و كەمكردنەوەی دڵەكزێ و ناڕحەتی گەدە كە لە هەندێك كەسدا روودادت. لە رووی بەهای خۆراكییەوە شۆربای نیسكی زەرد یان شۆربای نیسكی سەوز جیاوازییان نییە. هەروەها شۆربای نیسك سەرچاوەیەكی باشە بۆ ریشاڵ Fiber كە ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن دادەبەزێنێت و قۆڵۆن لە گرژبوون دەپارێزێت. جگە لەمانە، نیسك ئاستی شەكری خوێن رێكدەخات و چەندین كانزای گرنگی تێدایە لەگەڵ دوو جۆری ڤیتامین B و رێژەیەكی باشی پرۆتین و هیچ چەوریشی تێدانییە ئەگەر چەوری تێنەكرێت، هەروەها رۆڵێكی بەرچاوی هەیە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی دڵ بەوەی كە كانزای مەگنسیۆم و فۆلێت لەخۆدەگرێت كە ئەم رۆڵە گرنگەیان هەیە. شۆربای نیسك، جگە لە سوودەكانی بۆ كۆئەندامی هەرس و دڵ، وزەیەكی بەرە بەرە دابین دەكات بەوەی كە كاربۆهیدراتی ئاڵۆزی تێدایە و شەكری خوێن رێكدەخات هەتا لە تووشبووان بە نەخۆشی شەكرەشدا. خواردنی شۆربای نیسك بڕێكی باش لە كانزای ئاسن بۆ لەش دابین دەكات بۆیە گونجاوە بۆ چارەسەركردن و خۆپاراستن لە كەمخوێنی. ئەمەش هەرگیز لە بیر مەكە كە ئافرەتی دووگیان، ئافرەتی شیردەر، منداڵ و هەرزەكاران رۆژانە زیاتر لە خەڵكانی تر پێویستییان بە كانزای ئاسنەوە هەیە. ئاسن لە سەرچاوەی رووەكی وەكو نیسك جیاوازی نییە لەو ئاسنەی كە لە خۆراكی ئاژەڵییەوە وەردەگیرێت.