لەكاتی فتاردا پەلە مەكە لە خواردن

لەكاتی فتاردا پەلە مەكە لە خواردن
رێگای تەندروست بۆ خواردن بریتییە لە خواردن لەسەرخۆ و جوینی باشی خۆراك بۆ وەرگرتنی چێژی تەواو لە خۆراك و خۆپاراستن لە ناڕەحەتی و گرفتەكانی كۆئەندامی هەرس. ئایا لەكاتی فتاردا بە پەلە خۆراك دەخۆیت؟ ئایا چێژی تەواو لە خۆراك وەردەگریت؟ ئایا پاش خواردن و تێربوون دوچاری ناڕەحەتی گەدە یان بەدهەرسی Dyspepsia یان كۆبوونەوەی گاز دەبیتەوە؟ رێژەیەكی زۆری رۆژووانان لەكاتی فتاردا چێژی تەواو لە خۆراكە جۆرارجۆرەكان وەرناگرن، بە سادەیی لەبەر ئەوەی كە بە خێرایی خۆراك دەخۆن. خواردن بە پەلە هۆكارە بۆ زیاد قووتدانی گاز لەگەڵ خۆراك و خواردنەوەی ئاو یان شلەی تردا، ئەمەش دەبێتە هۆی قۆڕەی سك و سك ئێشە لەبەر كۆبوونەوەی گاز لە گەدە و ریخۆڵەدا. خێرا خواردن وات لێدەكات كە هەست بە تێربوونی دەم نەكەیت و بەردەوام بیت لە خواردن لەوكاتەی كە گەدەت پڕبووە لە خۆراك، ئەمەش هۆكارە بۆ گەورەبوونی قەبارەی گەدە وزیادبوونی كێش بە تێپەڕبوونی كات. ئەگەر بۆ ماوەیەكی كورت لە خواردن بوەستیت ئەوا هەست بە تێربوون دەكەیت و لەبەر پڕبوونی گەدە ناتوانیت تەنانەت یەك پاڵووی زیاتر بخۆیت. لەلایەكی ترەوە، خواردن بە پەلە هۆكارە بۆ: بەدهەرسی و ناڕحەتی گەدە وهەستكردن بە كەم وزەیی و بۆرژان پاش خواردن.
Top