هەموو ئافرەتێكی دووگیان حەز دەكات كە بە زووترین كات بزانێت كە كۆرپەكەی كوڕە یان كچ. باوەڕ بكەیت یان نەكەیت، ئێستاش هەندێك ئافرەتی دووگیان بەتایبەتی نۆبەرەكان بۆ پێشبینیكردنی یان زانینی رەگەزی منداڵەكەیان پەنا بۆ سەرچاوەی كۆن و بیروڕای هەڵە دەبەن، بۆ نموونە گەلێك ئافرەتی دووگیان پێیان وایە كە ئەگەر رشانەوەی بەیانیان بە درێژایی رۆژ بەردەوام بێت رەگەزی كۆرپەكە مێ دەبێت، هەروەها ئەگەر كۆرپەكە زیاتر لە پێشەوە یان لە خوارەوەی سكدا بێت ئەوا رەگەزی كۆرپەكە نێر دەبێت. پشكنینی سۆنار Ultrasound باشترین و سەلامەتترین رێگایە بۆ زانینی رەگەزی كۆرپەكەت كە جێگای متمانەیە و لە هەفتەی 20-18 ی دووگیانی و بەسەرەوە ئەنجامی تەواومان دەداتێ كە رێژەكەی دەگاتە 90%-80 بە مەرجێك پشكێنەری سۆنار بە وردی تێبینی نێوان قاچەكانی كۆرپە بكات. شیكردنەوەی شلەی ئەمنیۆن Amniocentesis لە تاقیگەدا ئەنجامی 100% مان دەداتێ سەبارەت بە رەگەزی كۆرپە، بەڵام ئەم پشكنینە تەنیا بۆ حاڵەتی تایبەت ئەنجام دەدرێت وەكو پێشبینیكردنی سەقەتی زگماكی یان گرفتی كرۆمۆسۆمی یان مۆنگۆلیزم. پشكنینی DNA ی خوێنی دایكیش رەگەزی كۆرپە دەستنیشان دەكات، بەڵام لەبەر ئەوەی كە ئەم پشكنینە پارەی زۆری تێدەچێت تەنیا لە تاقیگەی زۆر تایبەت ئەنجام دەدرێت.