هۆرمۆنی نێرینە یان تێستۆستیرۆن Testosterone كە بە شای هۆرمۆنەكان ناسراوە هەر لەگەڵ تەمەنی باڵغبووندا ئاستەكەی لە لەشدا دەگاتە لووتكە، هەر لەو كاتەدا قژرووتانەوەی هۆرمۆنی دەستپێدەكات، بەڵام لەوانەیە كە تا چەند ساڵێكی دواتر هەستی پێنەكرێت، پاشان بە تێپەڕبوونی كات بەرە بەرە قژهەڵوەرینەكە زیاتر دەبێت كە هەرگیز ناوەستێت، بەڵام لەوانەیە كە توندی هەڵوەرینەكە لە ساڵانی دواتردا كەم بێتەوە. بە ڕای زانا و پسپۆرانی قژ و پێست جگە لە جینەكان یان هۆكاری بۆماوەیی، بوونی جۆرێك هەستییاری رەگی مووەكان بەرانبەر بە هۆرمۆنی هایدرۆكسی تێستۆستیرۆن Hydroxytestosterone كە جۆرە چاڵاكەكەی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆنە دەبێتە هۆی قژهەڵەورین. هەندێك جار لەبەر هۆكاری دیار و هەندێك جاریش لەبەر هۆكاری نادیار و لە خۆڕا توندی قژهەڵوەرینەكە زیاد و كەم دەكات، هەرگیز ناتوانرێت كە زیاد و كەمی و خێرایی ئەم هەڵوەرینە بخەمڵێنرێت بۆ هەر تاكە كەسێك. ئەمەش سەلمێنراوە كە بە نەخۆشی و خۆراكی ناڕێك و مامەڵەی خراپ لەگەڵ قژ و پێستی سەردا كرداری هەڵوەرینەكە خێراتر و توندتر دەبێت. ئەمەش ئاشكراەی كە كەسانی تووشبوو بە كەمیی هۆرمۆنی نێرینە هەرگیز دوچاری ئەم جۆرەی قژهەڵوەرینە نابنەوە. تا ئێستا چارەسەر بۆ قژهەڵوەرینی نێرینەیی یان قژهەڵوەرینی هۆرمۆنی واتە تێستۆسیترۆن نەدۆزراوەتەوە