بەكارهێنانی ماكیاژی ئێكسپایەر زیانبەخشە

بەكارهێنانی ماكیاژی  ئێكسپایەر زیانبەخشە
ماكیاژی كۆن، یان ئێكسپایەر Expired Makeup نەك هەر بە دروستی كاری خۆی ناكات، بەڵكو زیانی گەورەش بە پێست دەگەیەنێت. پێكهاتەكانی زۆربەی هەرە زۆری جۆرەكانی ماكیاژ بە تێپەڕبوونی كات گۆڕانیان بەسەردادێت، بۆ نموونە وشك دەبن و بەكارهێنانیان زەحمەت دەبێت، ئەمەش هەموو جۆرەكان دەگرێتەوە لە مەسكارا و سووراوی لێوەوە بگرە تا دەگاتە كرێمی بناغەی ماكیاژ Foundation. كاریگەریی پێكهاتەكانیش بە تێپەڕبوونی كات كەم دەبێتەوە، بۆ نموونە كە كرێمێكی بناغەی ماكیاژ ئێكسپایەر دەبێت كە فاكتەری پاراستن لە هەتاو SPF لەخۆدەگرێت ئەوا ئەو كرێمە چیتر پێست لە زیانەكانی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی ناپارێزێت. هەروەها بە گوێرەی پێكهاتەكانی تری وەكو ترشی سالیسیلیك Salicylic acid و رێتینۆل Retinol كە بۆ رێگرتن لە زیپكە و پەیدابوونی هێڵە وردەكانی پێست بەكاردەهێنرێن، ئەوا پاش ئێكسپاربوون چیتر ئەم كاریگەرییەیان نامێنێت. پاش ئێكسپایەربوون، هەموو گەردیلەكانی ناو پێكهاتەكانی ماكیاژ تێكدەشكێن بۆ پێكهاتەی تر كە كاریگەری جیاواز دەكەنە سەر پێست بۆ نموونە سووتانەوە یان هەوكردنی بەركەوتن Contact dermatitis، هەروەها سووربوونەوە، ئاوسانی پێست، زیپكەی ورد، لەوانەشە كە ببنە هۆی پەیدابوونی بڵۆق. لە لایەكی ترەوە، ماكیاژی ئێكسپایەربوو دەبێتە مۆڵگە بۆ گەشەی بەكتریا، بۆیە لەكاتی گەیشتن بە پێست هەوكردن و زیپكە پەیدا دەكات، كە دەگاتە چاو دەبێتە هۆی هەوكردن و سووربوونەوەی چاو. بەكارهێنانی سووراوی ئێكسپایەربوو دەبێتە ئەگەری ئاوسانی لێوەكان. هەوڵ بدە كە مەسكارا پاش 3 مانگ بگۆڕیت، شەدۆی چاو هەر 6- 12 مانگ جارێك بگۆڕە، سووراوی لێو هەر 18 مانگ جارێك. بەگشتی ماوەی تێكڕایی ئێكسپایەربوونی كرێمی بناغە و پاودەر و ماكیاژی دەموچاو پاش تەنیا 12 مانگە.
Top