سیلینیۆم Selenium كانزایەكی زۆر گرنگە بۆ تەندروستی، گرنگترین سەرچاوەكانی سیلینیۆم بریتین لە: گۆشت، خۆراكی دەریا، دانەوێڵە، زەردێنەی هێلكە، شیر، كوارگ، سیر. ئەو پرۆتینانەی كە سیلینیۆم لەخۆدەگرن Selenoproteins هاوبەشن لە پێكهاتەی چەندین ئەنزیم كە گرنگن بۆ راپەڕاندنی چەندین فرمان وەكو میتابۆلیزیم هۆرمۆنەكانی گلاندی دەرەقی، میكانیزمەكانی سستمی بەرگری لەش، كرداری دژەئۆكسان، باشتركردنی توانای زاوزێ لە پیاودا. كانزای سیلینیۆم گرنگە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە بەتایبەتی شێرپەنجەی پرۆستات، هەروەها نیشانەكان لە نەخۆشانی رەبودا سووك دەكات و كۆئەندامی دڵ و سووڕانیش لە نەخۆشی دەپارێزێت. سیلینیۆم لە خۆراكدا سوودی تری هەیە وەكو پاراستنی ئافرەتی دووگیان لە تووشبوون بە ئاڵۆزییەكان بەتایبەتی ژاراویبوونی دووگیانی Eclampsia، تاودانی كرداری چاكبوونەوەی برین و سووتانەكانی پێست. پێویستی رۆژانەی سیلینیۆم بۆ پێگەیشتووان بریتییە لە 55-40 مایكرۆگرام. كەمی سیلینیۆم لە لەشدا دەبێتە ئەگەری چەندین گرفتی تەندروستی، بۆ چارەسەركردن دەنكی سیلینیۆم لەبەردەستدایە.