زۆر جار باس لە سركەی سێو Apple cider vinegar دەكرێت گوایە زۆر حاڵەت و نەخۆشی چارەسەر دەكات لە دابەزاندی كێشی لەشەوە بگرە تا دەگاتە نەخۆشییەكانی پێست و شێرپەنجە. سركەی سێو وەكو سركەی هەنار یان سركەی خورما یان هەر سركەیەكی تر بریتییە لە ترشی سیتریك CH3COOH كە ماددەیەكی سووتێنەرە و پرۆتین دەتوێنێتەوە، بۆیە گۆشت بۆ ماوەی 24 كاتژمێر لەناو سركە دادەنرێت تاكو ناسكتر بێت و هەرسكردنی ئاسانتر بێت، سركە دەخرێتە ناو زەلاتە بۆ ئەوەی كە هانی دەردراوەكانی گەدە بدات بۆ هەرسكردنی خۆراك. تا ئێستا لە ناوەندە زانستی و پزیشكییەكاندا هیچ شتێك نەسەلمێنراوە هەتا باسیش نەكراوە سەبارەت بەوەی كە سركەی سێو رۆڵی هەبێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەش، ئەگەر سوودێك هەبێت ئەوا لە خودی سێودایە نەك لە سركەكەیدا. كەواتە نە سركەی سێو نە هیچ جۆرێكی تری سركە نابێتە ئەگەری دابەزاندنی كێشی لەش. زیاد بەكارهینانی سركەی سێو ئاستی ترشێتی لە لەشدا بەرزدەكاتەوە، ئەمەش بارگرانی دەخاتە سەر گورچیلە و ئێسكەكان، هەروەها زیانی بۆ كۆئەندامی هەرسیش هەیە وەكو: كولبوونی سوورێنچك، سووتانەوەی گەدە و دوازدەگرێ، كولبوونی كۆڵۆن، گرژبوونی كۆڵۆن، زیادبوونی ترشەڵۆكی گەدە و دڵەكزێ.