بۆ سووككردنی ناڕحەتی و ئازارەكانی سووڕی مانگانە

بۆ سووككردنی ناڕحەتی و ئازارەكانی سووڕی مانگانە
ئازارەكانی عادە Menstrual cramps لە بەشی خوارەوەی سكدا هەر لە سەرەتای دەستپێكی سووڕی مانگانەدا سەرهەڵدەدەن و بۆ ماوەی 2- 3 رۆژ بەردەوام دەبن. ئازار و ناڕحەتی سووڕی ماگانە لەوانەیە كە سادە و سووك بن، هەندێك جاریش توند كە ئافرەت بە سەختی ناڕحەت دەكەن و هاوكات دەبن لەگەڵ نیشانەی تری وەكو سكچوون، رشانەوە، سەرئێشە. ئەو هۆكارانەی كە ئەگەری ئازارەكانی سووڕی زیاتر دەكەن بریتین لە: كێشی زیاد و قەڵەوی، بینینی سووڕی مانگانە بۆ یەكەم جار لە تەمەنێكی زوو بۆ نموونە بچووكتر لە 11ساڵ، ئەگەر سووڕی مانگانە بۆ ماوەی 5 رۆژ یان زیاتر درێژە بكێشێت، جگەرەكێشان و خواردنەوەی ئەلكهول، لە كچانی شووكردوودا كە هیچ دووگیان نەبووبن. هۆكاری نەخۆشی بۆ ئازارەكانی سووڕی مانگانە بریتین لە: گرێی ریشاڵی لە منداڵداندا Fibroid، روودانی دووگیانی لە دەرەوەی منداڵداندا Ectopic pregnancy، بەكارهێنانی لەولەب IUD، كیسی هێلكەدان. باشترین رێگا بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكانی سووڕی مانگانە بەكارهێنانی هەندێك دەرمانی دژەئازارە وەكو ناپرۆكسین Naproxen یان بروفین بە شێوەی دەنك بە مەرجێك پاش ژەمەكانی خواردن بەكاربێت، چونكە لەسەر گەدەی بەتاڵ دەبێتە ئەگەری داڕووشان و برینداركردنی ناوپۆشی گەدە. بەكارهێنانی دەنكی ناپرۆكسین یان بروفین سوودی باشتری دەبێت ئەگەر بەر لە دەستپێكی سووڕی مانگانە بەكاربهێنرێت. دانانی كەمادەیەكی گەرم لەسەر ناوچەی حەوز، مەساجی خوارەوەی پشت و سك، خۆراكی كەم چەوری، مەشقی وەرزشی بەر لە دەستپێكی سووڕی مانگانە، ئەمانە هەمووی هەنگاوی سادەن بۆ كەمكردنەوەی ناڕحەتی و ئازارەكانی سووڕی مانگانە.
Top