ئارەزووی خواردن Appetite لە منداڵاندا بە پێی كۆمەڵێك هۆكاری دەروونی و جەستەیی گۆڕانی بەسەردێت، لەوانەیە كە زۆر كزبێت. لەبەر سروشتی فسیۆلۆژی لەشی منداڵ بەتایبەتی كە لە گەشەكردنێكی خێرا دایە، مەسەلەی زیاد و كەمی ئارەزووی خواردن بە بەراورد لەگەڵ گەورەكاندا گەلێك جیاوازە. گەلێك دایك ناڕحەتن بە دەست كەمی ئارەزووی خواردن لە لایەن منداڵەكانیانەوە، بۆیە لەگەڵ سەردانی دكتۆردا زۆر ئەم رستەیە دووبارە دەكەنەوە (( منداڵەكەم هیچ ناخوات، دەرمانێكم بۆ بنووسە تاكو منداڵەكەم ئارەزووی خواردنی بكرێتەوە)). لە لایەنی پزیشكییەوە، كەمبوونەوە یان نەمانی ئارەزووی خواردن لە منداڵاندا گەلێك هۆكاری لەپاڵە، بۆ نموونە هۆكاری جەستەیی وەكو:ـ یەكەم: هۆكارە جەستەییەكان وەكو نەخۆشی یان هەوكردن لە كۆئەندامی هەرسدا، گرفتی ئەنزیمەكان، هەوكردنی دەم، هەوكردنەكانی كۆئەندامی هەناسە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش(تا) لەبەر هەر هۆیەك، نەخۆشییەكانی خوێن، سكچوون. دووەم: هۆكارە دەروونییەكان وەكو پەستی،ترس و تۆقین، خەمۆكی. لە هەموو ئەمانە باوتر، عاداتە خراپەكانی پەیوەست بە خۆراك كە زیاتر لەبەر كەمی شارەزایی دایك سەبارەت بە خۆراكی منداڵ هۆكارێكی دیكەیە لەپاڵ شێوانی ئارەزووی خواردن لە مندڵاندا، ئەمە سەرەڕای تەندروستی گشتی و رێگاكانی پاراستنی منداڵان لە نەخۆشییەكان، لێرەدا رۆڵی دكتۆر بەرجەستە دەبێت.