دڵەكزێ Heartburn واتە هەستكردن بە سووتانەوەی گەدە و سوورێنچك، هەندێك جاریش قوڕگ لە ئەنجامی گەڕانەوەی ترشەڵۆكی گەدە Gastric Regurgitation بۆ بەشی خوارەوەی سوورێنچك و هەڵكشانی بۆ سەرەوە تا دەگاتە قوڕگ و دەم، ئەم رێڕەوە تووشی سووتانەوە و ئازار دەبێت، سووتانەوە و ئازارەكە لە ناوچەی گەدە و پشتەوەی ئێسكی سینگ هەستی پێدەكرێت. ناوپۆشی گەدە بە شێوەیەك رەخساوە كە بەرگەی ترشە بەهێزەكەی گەدە دەگرێت بێ ئەوەی كە دوچاری سووتانەوە و كولبوون بێت، بەڵام ناوپۆشی سوورێنچك و قوڕگ بەرگەی ئەم ترشە ناگرێت، بۆیە دوچاری سووتانەوە و ئازار دەبێت. زۆر جار لەبەر گەڕانەوەی ترشەڵۆكی گەدە بۆ قوڕگ كە دەبێتە هۆی سووتانەوە، تووشبوو دوچاری دەنگكەوتن و ئازار یان ناڕحەتی لەكاتی قووتدانی خواردن و خواردنەوە دەبێت، ئەمەش زیاتر لەو كاتەدا روودەدات كە یەكێك لەپاش ژەمی خواردندا خۆی بۆ پێشەوە بچەمێنێتەوە یان پاڵكەوێت چونكە فشار دەكەوێتە سەر زمانەی نێوان گەدە و سورێنچك و بەرە بەرە سست دەبێت و رێگا دەدات كە بڕێك لە ترشەڵۆكی گەدە بگەڕێتەوە ناو سوورێنچك. خۆپاراستن لەم گرفتە دەست پێدەكات بە كەمكردنەوەی خواردنەوەی قاوە و خواردنەوە كاربۆنكراو یان گازدارەكان، هەروەها بەرزكردنەوەی دۆشەكی نووستن لە لای سەرینەوە بە بەرزایی 10 سانتیمەتر، بچووككردنەوەی ژەمەكانی خواردن، پاڵنەكەوتن راستەوخۆ پاش ژەمی خۆراك، با ماوەی نێوان دوا ژەمی خۆراك و نووستن لە دوو كاتژمێر كەمتر نەبێت.