ڤیاگرای ئافرەت ئامانج ناپێكێت!

ڤیاگرای ئافرەت ئامانج ناپێكێت!
پاش ئەوەی كە لە میدیاكاندا بە گەرمی باس لە ڤیاگرای ئافرەت Female viagra كرا، نوێترین لێكۆڵینەوەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە لە پراكتیكدا ڤیاگرای ئافرەت ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبووە كە هاوتای ڤیاگرای پیاو باسی لێوە بكرێت، بە پێی ئەنجامەكان، دەرمانەكە لە زۆربەی بەكارهێنەرەكاندا هیچ سوودێكی نەبووە بۆ باشتركردنی ئارەزووی سێكسی، ئەمە سەرەڕای زیانی لابەلای وەكو هێڵنج، سەرسووڕان، هەستكردن بە ماندووبوون، بۆرژان. ئەگەرچی ئاژانسی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكی FDA رازیبوو بۆ ئەپروڤكردنی دەرمانی فلیبانسێرین Flibanserin كە بە ڤیاگرای ئافرەت ناوزەد دەكرا بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتی كەمبوونی حەزی سێكسی ئافرەت بەتایبەتی لە ئافرەتانی نزیك گەیشتن بە تەمەنی وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانە Menopause كە بە شێوەیەكی سروشتی لە زۆربەی ئافرەتاندا لەبەر كزبوونی چاڵاكی هێلكەدانەكان بۆ دەردانی هۆرمۆنەكان روودەدات. ئەم دەرمانە كاریگەری دەكاتە سەر ئەو ماددە كیمیایانەی خانەكانی مێشك كە پێوەندییان بە كاردانەوەی سێكسیەوە هەیە، بەوەی كە دەبێتە ئەگەری كەمبوونەوەی ئاستی ماددەی سیرۆتۆنین Serotonin و زیادبوونی ماددەی دۆپامین Dopamine و نۆرئەدرینالین. پسپۆڕان جەخت لەمەش دەكەنەوە كە كاریگەرییەكەی فلیبانسێرین زۆر بچووكە لەچاو گرفتی كەمبوونەوەی ئارەزووی سێكسی كە مەسەلەیەكی ئاڵۆزە و بۆ چارەسەركردن هێشتا توێژینەوەی زیاتر پێویستە.
Top