كاریگەری كۆلیسترۆل لە سەر دڵ زانراوە، خۆراكی دەوڵەمەند بە چەورییە تێرەكان و چەورییە نێوەندەكان هۆكارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشی رەقبوونی خوێنبەرەكان و نەخۆشی دڵ، بۆیە دابەزاندنی كۆلیسترۆل بۆتە مەسەلەیەكی ئاڵۆزی تەندروستی. كۆلیسترۆل پێویستە بۆ فرمانی دروستیی مێشك، مێشك نزیكەی 25%ی كۆلیسترۆلی لەش لەخۆدەگرێت. مێشك كۆلیسترۆل بەكاردێنێت بۆ دروستكردنی ماددە گەیەنەرەكانی نێو دەمارەخانەكان Neurotransmitters كە سیگناڵی كارۆكیمیایی دەگوازنەوە، لە هەمان كاتدا ئەمەش روونكراوەتەوە كە ئاستی بەرزی كۆلیسترۆل كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر توانا و فرمانەكانی مێشك. جەلتەی مێشك لە ئەنجامی تەقینی یان گیرانی بۆڕییەكانی خوێن لەوێدا روودەدات، ئاستی كۆلیسترۆلی بەرز لە خوێندا بەتایبەتی كۆلیسترۆلی خراپ LDL هۆكارێكی هاندەرە بۆ جەلتە لە ئەنجامی گیرانی خوێنبەرەكانی مێشك Ischemic stroke. ئاستی بەرزی كۆلیسترۆلی خراپ هۆكارە بۆ نیشتنی چینێك لە ناوپۆشی خوێنبەرەكاندا كە دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەی خوێنبەرەكان، ئەمەش بە دەوری خۆی هۆكارە بۆ زیادبوونی پەستان و كەمبوونەوەی لێشاوی خوێن لەناو خوێنبەرەكاندا. بەزبوونەوەی پەستان لەناو خوێنبەردا ئەگەری دروستبوونی تۆپەڵی مەییوی خوێن Clots زیاد دەكات كە پارچە دەبێت و لەگەڵ خوێن جوولە دەكات تا لە خوێنبەرێكی باریكتر جێگیر دەبێت و بە تەواوی دەیگرێت، جا ئەگەر لە خوێنبەرێكی مێشكدا رووبدات پێی دەووترێت جەلتەی مێشك، ئەگەر لە خوێنبەرێكی دڵدا رووبدات پێی دەووترێت نۆرەی دڵ Heart attack.