ھەناسەتەنگی Shortness of Breath پاش ئەنجامدانی چالاکییەکی فیزیکی سووک لە کەسێکی نەوجەواندا پێویستی بە پشکنین و بەواداچوون ھەیە. ھەناسەتەنگی گەلێک جار فسیۆلۆژییە، واتە ئاسایی و کاتییە، بەڵام ھەندێک جار یەکێکە لە نیشانەکانی نەخۆشییەک بەتایبەتی نەخۆشی لە کۆئەندامی ھەناسە یان لە کۆئەندامی دڵ و سووڕاندا. زۆر جار ھەناسەتەنگی ھاوکاتە لەگەڵ ھەستکردن بە گرژی لە سینگدا یان لەگەڵ نیشانەی تری وەکو کۆکە و کڕانەوەی قوڕگ. ھەندێک نەوجەوان دوچاری ھەناسەتەنگی دەبن لە شوێنی زۆر سارد، شوێنی زۆر گەرم، یان لە شوێنی زۆر بەرزدا. ھەڵامەت و گیرانی جیوبی لووت، ھەڵمژینی تۆز، دوکەڵی جگەرە، یان پیسکارەکانی ھەوا ھۆکاری ترن بۆ ھەناسەتەنگی لە نەوجەواندا.مەشقی وەرزشیی توند یان چالاکیی فیزیکی زۆر دەبێتە ھۆی ناڕحەتی لەکاتی ھەناسەوەرگرتندا، بەڵام پاش حەسانەوە بە ماوەیەکی کەم ھەناسە ئاسایی دەبێتەوە. بەگشتی زوو زوو دووبارەبوونەوەی ھەناسەتەنگی لە نەوجەواندا ھۆکاری نەخۆشی لەپاڵە، بۆ نموونە رەبو Asthma، کەمخوێنی لەبەر کەمیی کانزای ئاسن، ھەستەوەری درێژخایەنی کۆئەندامی ھەناسە بە تۆز و پیسکارەکانی ھەوا، قەڵەوی، پەستی، نۆرەی ترس و تۆقین، نەخۆشییەکانی دڵ، نەخۆشیی سییەکان.