یەكەم دووگیــانیت دوامەخە

یەكەم دووگیــانیت دوامەخە
دیاركردن، یان بڕیاردان لەسەر كاتی یەكەم دووگیانی تا بڵێی گرنگی هەیە. دواخستنی یەكەم دووگیانی واتە واڵاكردنی رێگا بۆ ئاڵۆزییە تەندروستییەكان بۆ دایك و كۆرپە. بە مانایەكی دیكە دواخستنی یەكەم دووگیانی هەڵبژاردنێكی ناتەندروستییانەیە. ژمارەی هیڵكۆكەكان لەناو هێلكەدانەكاندا لەگەڵ تەمەندا كەم دەبێتەوە، ئەمەش واتە هەر چەند دووگیانی دوابخەیت هێندە لە زۆنی نەزۆكی نزیك دەبیتەوە. ئەمە راستییەكی زانستیی چەسپاوە كە ئافرەت پاش تەمەنی 30 ساڵی دوچاری زەحمەتی لە دووگیانبوون دەبێت، دروستبوون و دەرپەڕینی هێلكۆكە بۆ ناو لوولەی منداڵدان تووشی ئاستەنگ دەبێت، چانسی هێلكۆكە بۆ پیتاندن كەم دەبێتەوە، هەروەها لەگەڵ تەمەندا ئەگەری گیرانی لوولەی منداڵدان (لوولەی فالوپ) زیاتر دەبێت، ئەمەش گرفتێكی گەورەیە لەبەردەم دووگیانبووندا. لەگەڵ دواخستنی دووگیانی و كاریگەری تەمەن، ئەگەری سەقەتی زگماكی Birth defects لە كۆرپەدا زیاد دەبێت بەتایبەتی مۆنگۆلیزم. گرفتەكانی تری پەیوەست بە دواخستنی دووگیانی بریتین لە: ئەگەری لەبارچوون Miscarriage و بوونی منداڵ بە مردوویی Stillbirth، ئاڵۆزی لەكاتی منداڵبووندا بەتایبەتی درێژبوونی ماوەی منداڵبوون ئەمەش ئەگەری پێویستی بە نەشتەرگەری قەیسەری زیاد دەكات، تێكچوونی تەندروستیی دایك گرفتێكی دیكەیە، ئەمە روونە كە لەگەڵ تەمەندا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن زیاد دەبێت، ئەمانەش دووگیانی قورس و ئاڵۆز دەكەن.
Top