جگەرەکێشان کاریگەرییەکی نێگەتیڤ دەکاتە سەر ھەڵمژینی گەلێک ڤیتامین و کانزا کە زۆر گرنگن بۆ لەش. جگەرەکێشان زیاتر لە ھەموو ڤیتامینەکان گرفت بۆ ڤیتامین C یان ترشی ئەسکۆربیک پەیدادەکات. ڤیتامین C دژەئۆکسانێکی بەھێزە و رۆڵی بەرچاوی ھەیە لە پاراستنی لەش لە چەندین نەخۆشی. ھەر چەند زیاتر جگەرە بکێشیت، ھێندە ڤیتامین C لە ناو خوێن و لە خانەکانی لەشتدا زیاتر ون دەبێت، ئەوەش وا لە لەش دەکات کە پێویستی بە بڕی زیاتری ڤیتامین Cبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی کە لە ئەنجامی جگەرەکێشانەوە بە خانەکانی لەش گەیشتووە. بۆ ئەم مەبەستە، جگەرەکێش رۆژانە پێویستی بە نزیکەی ٢٠٠٠ملگم ڤیتامین C ھەیە. دابینکردنی ئەم رێژە بەرزەی ڤیتامین C تەیا لە رێگای خۆراکەوە کارێکی ئاسان نییە، بۆیە دەبێ ڤیتامین C لە رێگای دەرمان یان یارمەتیدەرەکانی خۆراکەوە Supplements وەربگیرێت. جگەرەکێشەکان پێویستە کە رێژەیەکی بەرز لە مادە دژەئۆکسانەکان وەربگرن کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە سەوزە و میوەدان. بەھەرحاڵ، دەبێ ئەم راستییە بزانرێت کە ھیچ خۆراکێک یان یارمەتیدەرێکی خۆراکی یان مادە دژەئۆکسانەکان بە تەواوی لەشت ناپارێزن لە زیانەکانی جگەرەکێشان. نیکۆتین و مادە ژەھراوییەکانی تری ناو دوکەڵی جگەرە کاریگەرییەکی گەورەیان ھەیە لەسەر توانای لەش بۆ رزگاربوون لە مادە زییانبەخشەکان. جگەرەکێشان دەبێتە ئەگەری: تێکدانی خانەکان و شێرپەنجە، بەرزبوونەوەی ئاستی کۆلیستیرۆل، نەخۆشی لە خوێنبەرەکانی تاجی دڵدا، نەخۆشی لە بۆرییەکانی خوێن بە گشتی، نەخۆشی لە کۆئەندامی ھەناسەدا، زیادبوونی ئەگەری لاوازبوونی ئێسک، بێھێزی سێکسی لە پیاودا.