مەشقی وەرزشی ھەوایی Aerobic exercise بەردەوام ھانی باشکردنی فسیۆلۆژیای لەش بەگشتی دەدات، ھەروەھا چوستیی دڵ باشتر دەکات لەکاتی حەسانەوە و جوولەی فیزیکیدا. مەشقی وەرزشی ھەوایی وەکو رۆیشتن یان لێخوڕینی پایسکل جوولەی دینامیکی گەورە دەگرێتەوە، ھەروەھا دەتوانیت کە بۆ ماوەیەکی کاتی زۆر ئەنجامیان بدەیت، لێرەدا لەش بەگشتی و کۆئەندامی دڵ و سووڕان بەتایبەتی بە چەندین رێگا کاردانەوەیان دەبێت، بۆ نموونە دڵ خێراتر لێدەدات، بۆڕییەکانی خوێن فراوان دەبنەوە، لێشاوی خوێن لە ھەموو لەشدا زیاد دەبێت، تێکڕای ھەناسەوەرگرتن و ھەناسەدانەوە خێراتر دەبێت، ئەمە و بە تێپەڕبوونی کات لیاقەی دڵ باشتر دەبێت. مەشقی وەرزشی ھەوایی رۆڵی ھەیە بۆ پاراستنی دڵ لە نەخۆشی، لەوکاتەی کە ھەوکردن لە لەشدا کەم دەکاتەوە، بەمەشەوە ئەگەری رەقبوونی خوێنبەرەکان Atherosclerosis کەم دەبێتەوە. گەلێک لە کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی دڵ بە ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی سووک بە رێنمایی دکتۆر، ئاستی بەکارھێنانی گازی ئۆکسجین لە لەشیاندا باشتر دەبێت، لەگەڵ باشتربوونی تۆنی ماسوڵکەکان و باشتربوونی فرمانی بۆڕییەکانی خوێن، بەمەشەوە ژیانی رۆژانەیان باشتر دەبێت.