باوترین هۆكاری ئازار لە پاشنەی پێدا بریتییە لە پەیدابوونی زێدە ئێسك Bone spur لە ئێسكی پاشنەی پێدا، ئەمەش بریتییە لە گەشەی زیادی ئێسك بە شێوەی نووك كە بە لێكخشان لەگەڵ شانەكانی دەوروبەردا ئازار پەیدا دەكات. ئێسكی پاشنەی پێ باوترین شوێنی لەشە كە زێدە ئێسكی تێدا پەیدا دەبێت، بەڵام لەوانەیە كە لە ئێسكەكانی ئەژنۆ، شان، بڕبڕەكانی پشت، نێك و ئێسكەكانی دەستدا رووبدات. فشار و ماندووكردنی گۆزرینگ، بۆ نموونە بە هۆی وەرزشی زۆر و لەبەركردنی پێڵاوی پاشنە بەرز یان كێشی زیاد و قەڵەوی هۆكاری سەرەكین لەپاڵ بێهێزبوونی بەستەرەكان Ligaments كە ئێسكەكان بە یەكەوە دەبەستنەوە، لە ئەنجامدا وەكو كاردانەوەیەك بۆ فشاری بەردەوامی سەر ئێسك و بۆ خۆچاككردنەوە گەشەی ئێكسی زیاد لە پاشنەی پێدا Heel spur دەستپێدەكات. ئەم حاڵەتە زیاتر لەئافرەتدا بەدی دەكرێت و دەبێتە هۆی ئازار لەكاتی رۆیشتن یان راكردندا. بۆ سووككردنی ئازاری ئێسكی زیادی پاشنەی پێ، پێڵاوی تایبەت هەیە كە بەشی ژێرەوەی پاشنەی پێ بە شێوەی چاڵ درووستكراوە كە لەكاتی رۆیشتن نابێتە هۆی دروستبوونی فشار لەسەر پاشنەی پێدا. هەنگاوەكانی چارەسەركردن بریتین لە لێدانی دەرزی ستیرۆیدی خۆجێی لە پاشنەی پێدا یان لابردنی ئێسكی زیاد بە نەشتەرگەری.