ژمارەیەكی یەكجار زۆر ئاوێتە و كرێم و گیراوە لە بازاڕ و دەرمانخانەكاندا هەن كە بەڵێنی كەمكردنەوە، یان ونكردنی هێڵە وردەكان، یان لۆچبوونی پێست دەدەن، ئەمە جگە لە بۆتۆكس و فیلەر Fillers، بەڵام ئایا دەتوانیت كە هەر لە تەمەنی گەنجییەوە نیشانەكانی پیربوونی پێست دوابخەیت؟ ئەگەر بیر لە گرانی نرخ نەكەیتەوە، بەكارهێنانی كەپسولی كۆلاجین Collagen capsules هەنگاوێكە بۆ دواخستنی لۆچبوون، یان پیربوونی پێست. كۆلاجین بە گرنگترین پرۆتینی پێست هەژمار دەكرێت، لەگەڵ بەساڵاچووندا بەرهەمهێنانی كۆلاجین كەم دەبێتەوە، هەروەها ئەو ریشاڵانەی كە تۆڕێك پێكدێنن بۆ سەپۆرت و هێشتنەوەی توندی و پتەویی پێست لاواز دەبن. كەپسولی كۆلاجین وەكو جێگرەوەیە بۆ كۆلاجینی سروشتی، هەورەها رۆڵی هەیە بۆ تاودانی چاكبوونەوەی برین، كەمكردنەوەی ئازار، كەمكردنەوەی سخبوونی جومگە و كڕكڕاگەكان. كەپسولی كۆلاجین سوودبەخشە بۆ باشتركردنی توانای لاستیكیی پێست، بچووككردنەوەی قەبارەی كونەكانی پێست، هێشتنەوەی تەڕێتی و توندیی و پتەویی پێست، بەڵام هێشتا كەپسولی كۆلاجین نابێتە ئەلتەرناتیڤ بۆ نەشتەرگەرییەكانی پێست كە بۆ هەمان مەبەست ئەنجام دەدرێن، بۆیە گەلێك جار هاوكات لەگەڵ نەشتەرگەریدا بەكاردێت. كەپسولەكان 250 ملگم كۆلاجین لەخۆدەگرن، ژەمی رۆژانە بریتییە لە 500 ملگم كە باشترە لەگەڵ 500- 1000 ملگم ڤیتامین C بەكاربهێنرێت.