گۆی مەمك Nipple شوێنێكی زۆر هەستیارە لە لەشی ئافرەتدا و بە نەخۆشییەكی سادە دوچاری ئازار دەبێت. یەكێك لە باوترین هۆكاری ئازاری گۆی مەمك بریتییە لە لەبەركردنی ستیانی تەسك یان ناوپۆشی نەگونجاو. ئازاری گۆی مەمك دەبێتە هۆی ناڕاحەتی زیاتر بۆ ئافرەت لەكاتی دووگیانی و لەكاتی شیردانی سروشتیدا. لەكاتی دووگیانیدا، گۆی مەمك دوچاری سووتانەوە و ئازار دەبێت لەبەر گۆڕان لە لەشدا بەتایبەتی ئاستی بەرزی هۆرمۆنی ئیسترۆجین كە هانی گەشەی مەمك دەدات و شانەكانی بۆ دروستكردنی شیر ئامادە دەكات. هۆرمۆنی ئیسترۆجین قەبارەی خوێن زیاددەكات و شان بە شانی هۆرمۆنی پرۆجێستیرۆن و هۆرمۆنی تر دەبنە هۆی سووتانەوە و زیاد هەستیاربوونی گۆی مەمك لەگەڵ گۆڕانی رەنگ یان تاریكبوونی رەنگی. لەكاتی شیردانی سروشتیدا، لەبەر كشانی شانەكانی گۆی مەمك ئازار پەیدا دەبێت، لەوانەشە كە گۆی مەمك دوچاری قڵیشان یان هەتا دوچاری خوێنبەربوون بێت. پۆزیشنی نەگونجاوی منداڵ لەكاتی شیرداندا هاندەرە بۆ ئەم گرفتە. هۆكارێكی تری ئازاری گۆی مەمك بریتییە لە هەوكردنی بەكتریایی شانەكانی مەمك Mastitis كە گەلێك جار جگە لە ئازار، قڵیشان یان خورشت یان سووربوونەوە و ئاوسانیش بەدی دەكرێت. هۆكارەكانی تری ئازاری گۆی مەمك: ئەكزیما، هەوكردنی پێست، نەخۆشی پاجێت Paget›s disease كە جۆرێكی دەگمەنی شێرپەنجەی مەمكە.