شامپۆ، ئاوێتەكانی لابردنی بۆن Deodorants، شێدارەكەرەوەكان Moisturizers، ئارایشت، كۆڵۆنیا، هەروەها ئاوێتەی جوانكاری تر هۆكارن بۆ سووتانەوە یان هەستەوەری پێست. پێكهاتەی كیمیایی ئاوێتەكانی جوانكاری وەكو بۆن و بۆیە و ماددەكانی پاراستنی ئاوێتەكان هۆكاری سەرەكین بۆ پەیداكردنی هەستەوەری. بە پێی ئامارە جیهانییەكان، كەسێكی پێگەیشتوو رۆژانە بە تێكڕایی یان بەلای كەم 7 جۆر ئاوێتەی جوانكاری بەكاردێنێت. نیشانەكانی هەستەوەری بە ئاوێتەكانی جوانكاری پێست بریتین لە: خورشت، هەستەوەری بەركەوتن، سووربوونەوە و ئاوسانی پێست، هەورەها لە حاڵەتە سەختەكاندا سەرهەڵدانی بڵۆق. حاڵەتەكە چارەسەركرێت بە بەكارهێنانی ئەو كرێمانەی كە كۆرتیزۆن Cortisone لەخۆدەگرن وەكو هایدرۆكۆرتیزۆن Hydrocortisone بۆ كەمكردنەوەی سووبوونەوە و ئاوسان و خورشتی پێست، هەندێك جاریش بەكارهێنانی دەرمانی بەهێز بۆ كۆنتڕۆڵكردنی هەستەوەری، لەكاتی سەرهەڵدانی بڵۆق پێویست بە بەكارهێنانی دەرمانی دژەبەكتریا دەكات. بۆ خۆپاراستن پەیڕەوی چەند هەنگاوێكی سادە بكە، وەكو كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ئاوێتەكانی جوانكاری، هەڵبژاردنی ئەو جۆرانەی كە ماددەی سادە لەخۆدەگرن، لەكاتی بەكارهێنانی بۆن هەوڵ بدە كە تەنیا بەر جلەكان بكەوێت نەك پێست، شووشتنی پێست بە ئاو و سابوون پاش بەكارهێنانی هەر ئاوێتەیەكی جوانكاری.