زۆربەی حاڵەتەكانی دووگیانی جمك، یان زیاتر Multiple pregnancy بەدەر نین لە ئاڵۆزی و مەترسی بۆ دایك و كۆرپە. هۆكارە هاندەرەكانی دووگیانی جمك بریتین لە: بەكارهێنانی هۆرمۆن یان دەرمانی هاندەر بۆ دروستبوونی هێلكۆكە كە دەبنە هۆی ئامادەبوونی ژمارەی زیاتر لە یەك هێلكۆكە بۆ پیتاندن، پیتاندنی دەرەكی In vitro fertilization لە تاقیگەدا، تەمەنی پاش 35 ساڵی، مەیلی خێزانی، دووگیانبوون ماوەیەكی كەم پاش وازهێنان لە حەبی مەنع. لەوانەیە لە هەر دووگیانییەكدا چەند ئاڵۆزییەكی تەندروستی بۆ دایك یان بۆ كۆرپە یان بۆ هەردووكیان رووبدەن، بەڵام لە دووگیانیی جمك، یان دووگیانیی و سێیانی یان پتردا ئەگەری ئەم ئاڵۆزییانە زیاترە بە بەراورد لەگەڵ دووگیان بە تاك كۆرپە، واتە تا ژمارەی كۆرپەكان لە یەك دووگیانیدا زیاتر بێت، هێندە ئەگەری ئاڵۆزییەكانی زۆر زیاتر دەبن، بۆ نموونە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ژاراویبوونی دووگیانی preeclampsia، زیادبوونی ئەگەری شەكرەی دووگیانی، لەدایكبوونی پێشوەختە، لەبارچوون Miscarriage، سەقەتی زگماكی لە كۆرپەدا.