پسپۆڕان لەسەر ئەوە كۆكن كە لەبەركردنی جلی تەسك و گورج بۆ ماوەیەكی زۆر ریسكی تەندروستیی راستەقینەی هەیە. بۆ نموونە هەستكردنی بە ئازارێكی قووڵ و تیژی دەمارەكان لە رانەكاندا بەتایبەتی لە ئافرەتی دووگیان و ئەوانەی كە بە شێوەیەكی خێرا كێشی لەشیان زیاد دەبێت. كۆرسێتی كەمەر Waist corset كە زۆر كەس بەكاری دێنن گوایە كێشی لەش دادەبەزێنێت، فشار دەخاتە سەر دیواری سك یان ئەندامەكانی ناوەوە و دەبێتە هۆی نەخۆشی درێژخایەن لە كۆئەندامی هەرسدا، بۆ نموونە گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدە بۆ سوورێنچك لەبەر فشار لەسەر ئەندامەكانی ناوەوە، هەروەها پشت ئێشە، مەیینی خۆن، زەحمەتی هەناسە، هەوكردنەكانی كۆئەندامی میزەڕۆ، لەگەڵ ئەگەری زیادبوونی هەوكردنەكان بە كەڕوو و سووتانەوەی پێست لەبەر زیاد ئارەقەكردن لە ئەنجامی جلی تەسك و سترێچ و كۆرسێت. بەهەرحاڵ، پسپۆڕانی تەندروستی هەرگیز لەگەڵ ئەوە دانین كە بە هیچ شێویەك سترێچ و جلی تەسك لەبەر نەكەیت و كۆرسێت بەكارنەهێنیت، بەڵام پێیان باشە كە بۆ ماوەیەكی كورت بێت بۆ نموونە لەكاتی مەشقی وەرزشیدا، بەم شێوەیە زیانێكی تەندروستی ئەوتۆی لێناكەوێتەوە. بێگومان لێرەدا جۆری فابریك یان قوماشی جلەكانیش گرنگی زۆری هەیە، چونكە گەلێك ماددە زیانی تەندروستییان هەیە بەتایبەتی ماددە دەستكردەكانی یان ریشاڵی دەستكرد وەكو ئەكریلیك Acrylic، رایۆن Rayon، پۆلیستەر Polyster، سپاندێكس Spandex، ئۆلێفین Olefin كە ماددەی زیانبەخش لەخۆدەگرن وەكو تیفلۆن Teflon و فۆرمالدیهاید Formaldehyde.