تەكنیكی پلازما بۆ رێكخستنەوەی پێست Plasma resurfacing رێگەیەكی نوێ و پێشكەوتووە لە جوانكاریدا، ئەنجامی زۆر باش و دراماتیكی هەیە لەگەڵ كەمترین زیانی لابەلا بە بەراورد لەگەڵ تەكنیكی لێزەری دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و رێگەكانی دیكە. لەم تەكنیكە تیشكی لێزەر بەكارناهێنرێت، بەڵكو گازی نایترۆجینی چالاككراو كە بە پلازما ناسراوە بەكاردێت بۆ گۆڕینی پێكهاتەی هەندێك شوێنی پێست و دووبارە رێكخستنەوەی بە هۆی گەرمی، بە مانایەكی دیكە لەسەر پێستی گۆڕاوی كۆندا چینێكی نوێ گەشە دەكات، ئەمەش وادەكات كە هێڵەكانی لۆچە وردەكان و لۆچە قووڵەكان كەم بنەوە و تۆنی پێست باشتر بێت و رەنگی جوانتر بێت. لەگەڵ نوێبوونەوە لە چینی ژێرەوەدا، گەشەیەكی راستەقینەی نوێی كۆلاجین دەستپێدەكات كە گرنگە بۆ جوانتركردنی كۆنتوری پێست یان دووبارە مۆدێلكردنەوەی Remodeling پێست. بەم تەكنیكە، پلازمای نایترۆجین بە بێ بەركەوتن وزە بۆ پێست دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی دروستبوونی چینێكی یەكسان و یەك رەنگی نوێی پێست. ئەنجامەكە خێرایە و بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك دەمێنێتەوە، بۆ نموونە لە ماوەی 1- 2 رۆژدا ئەنجامی تەواو دەردەكەوێت، ئەگەر دواش بكەوێت ئەوپەڕی لە هەفتەیەك تێپەڕ ناكات، ئەم چارەسەرە تەنیا 1- 3 دانیشتنی پێویستە بە گوێرەی جۆری پێست و ئەنجامی خوازراو.