خوێنبەربوون لە پووكدا Bleeding gums بە شێوەیەكی سەرەكی نیشانەیەكی نەخۆشی پووكە كە زیاتر لەكاتی شووشتنی دداندا بەدی دەكرێت، هەندێك جاریش پاش لەخەو هەڵسان لەخۆیەوە روودەدات. باوترین هۆكاری خوێنبەربوون لە پووك بریتییە لە هەوكردنی پووك لەبەر كەم شووشتنی ددان و بەكارنەهێنانی داوی ددان Floss كە دەبێتە هۆی گەشەكردنی بەكتریا لە چینی سەر ددانەكان، بەمەوە پووك دەئاوسێت و خوێنی لێبەردەبێت. هۆكارەكانی تری خوێنبەربوون لە پووكدا: كەمی پاكوخاوێنی دەم و ددان بەتایبەتی پاك نەكردنەوە، یان لانەبردنی چینی سەر ددانەكان كە بە پلێك Plaque ناسراوە بەتایبەتی ئەو بەشەی كە كەوتۆتە نزیك هێڵی پوك، پڕكردنەوەی ناڕێكی ددان، تاقمی ددانی نەگونجاو، كەمی ماددە خۆراكییەكان بەتایبەتی ڤیتامین K و C، گۆڕانی هۆرمۆنی، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان. هۆكارەكانی خوێنبەربوونی زۆر: شێرپەنجەی خوێن، كەمیی خەپڵەكانی خوێن، نەخۆشی هیمۆفیلیا، جگەرەكێشان، نەخۆشی ئایدز، سترێس. چارەسەركردن لەماڵەوە بریتییە لە شووشتنی ددانەكان رۆژانە بە ڕێكی، بەكارهێنانی داوی ددان رۆژانە، هاوسەنگكردنی خۆراكی رۆژانە كە بڕی تەواوی ڤیتامینەكان لەخۆبگرێت، پاشان سەردانی پزیشكی ددان پێویستە بە مەبەستی چارەسەری تەواو.