نەوجەوانانی تووشبوو بە نەخۆشیی شەكرە لە بەربەرەكانییەكی بەردەوام و درێژخایەندان لەگەڵ ژیاندا لەبەر ئاكامەكانی زیادبوونی بەرگریی لەش بەرامبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین لەكاتی باڵغبووندا، گۆڕانی بەرچاو و كتوپڕ لە هەڵوێست و مەزاجدا، زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە خەمۆكی و پەستی، نیگەرانی لە كەمبوونەوەی باوەڕ بەخۆبوون Self-esteem. ئەگەرچی جۆرە باوەكەی شەكرە لە تەمەنی نەوجەوانیدا لە جۆری یەكەمە كە زیاتر بە دەرزی ئینسولین كۆنتڕۆڵ دەكرێت، بەڵام ئێستا تێبینی ئەوە كراوە كە رێژەی تووشبوونی نەوجەوانان بە جۆری دووەمی نەخۆشیی شەكرە لە زیادبووندایە لەبەر زیادبوونی بەرگریی خانەكانی لەش بەرامبەر بە كاریگەری هۆرمۆنی ئینسولین. هۆكارەكانی زیادبوونی بەرگریی لەش بەرامبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین لە نەوجەواندا ئەمانەن: قەڵەوی، زیاد دانیشتن و كەم جووڵانەوە، بوونی مێژووی خێزانی بۆ نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم، گۆڕانە هۆرمۆنییەكانی پەیوەست بە باڵغبوون، تووشبوونی دایك بە نەخۆشیی شەكرە لەكاتی دووگیانیدا، كەمیی كێشی لەش لەكاتی لەدایكبووندا، رەگەزی كچ. پارێزی خۆراكی گرنگی زۆری هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی شەكرە لە نەوجەواندا، بەتایبەتی كە ماددەی خۆراكی جۆراجۆر لە پرۆتین و كانزا و ڤیتامین كە پێویستن بۆ گەشەكردن و دابینكردنی بڕی تەواوی وزەی رۆژانە، لەگەڵ هاندانی نەوجەوان بۆ رۆژانە ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی.