نزیكەی هەموو جۆرە پاقلەمەنییەكان بۆ تەندروستی سوودبەخشن بەتایبەتی تەندروستیی دڵ، بەڵام لۆبیای رەش Black beans تایبەتمەندییەكی تری هەیە بەوەی كە سوودی زۆری بۆ خانەكانی مێشك هەیە و تواناكانی مێشك بەگشتی بەهێزتر دەكات، چونكە رێژەیەكی بەرز لە ماددە دژەئۆكسانەكان لەخۆدەگرێت بەتایبەتی فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids. سوودە تەندروستییەكانی لۆبیای رەش ئەمانەن: یارمەتیدانی هەرسكردن و باشتركردنی فرمانی كۆڵۆن، رێكخستن یان جێگیركردنی ئاستی شەكری خوێن، باشتركردنی توانای ماسوڵكەی دڵ، كەمكردنەوەی هەوكردنەكان، بەرزكردنەوەی ئاستی دژەئۆكسان لە لەشدا. لۆبیای رەش بڕێكی كەمی وزە و چەندین ماددەی دژەئۆكسان لەخۆدەگرێت كە زیاتر لە توێكڵدا جێگیرن، هەروەها دەوڵەمەندە بە ترشە چەوری لە جۆری ئۆمیگا3، ریشاڵ، فۆلێت یان ڤیتامین B9، پرۆتین، ڤیتامین B1، مەگنسیۆم، مۆلیبدینیۆم، فۆسفۆر، ئاسن.