پاش دانانی لەولەب

پاش دانانی لەولەب
دانانی لەولەب IUD لەناو منداڵدان رێگایەكی كاریگەرە بۆ رێگرتن لە دووگیانی بە رێژەی 99%، لەولەب پلاستیكێكە لە شێوەی پیتی T كە ماددەی كۆپەر یان هۆرمۆنی پرۆجێستیرۆن لەخۆدەگرێت. پاش دانانی لەولەب لە لایەن دكتۆرەوە، ئەگەری هەوكردنی شانەكانی حەوز دێتە پێشەوە كە بریتییە لە هەوكردنی منداڵدان، لوولەكانی فالوپ (لوولەی نێوان منداڵدان و هێلكەدان)، لەگەڵ ئەندامەكانی تری زاوزێ. هەستكردن بە ئازارێكی سووك یان مامناوەندی زۆر ئاساییە راستەوخۆ پاش دانانی لەولەب، بەڵام ئازارێكی بەردەوام پاش دانانی لەولەب بەتایبەتی ئەگەر هاوكات بێت لەگەڵ خوێنبەربوون هەرگیز ئاسایی نییە و پێویست بە سەردانی دكتۆر دەكات. روودانی دووگیانی لە دەرەوەی منداڵداندا Ectopic pregnancy كە زیاتر لەناو یەكێك لە لوولەكانی فالوپ جێگیر دەبێت و نیشانەكانی بریتین لە ئازار، بینینی خوێن لە زێ، هەندێك جاریش ئازاری توند و خوێنبەربوونی ناوەوە كە لەوانەیە ببێتە ئەگەری هێدمە Shock. زیانە لابەلاكانی تری لەولەب ئەمانەن: ئازار و خوێنبەربوون كە زیاتر پاش دانانی لەولەبی داپۆشراو بە كۆپەر بەدی دەكرێت، زیادبوونی ئازارەكانی پەیوەست بە سووڕی مانگانە، جووڵانی یان هاتنە دەرەوەی لەولەب ماوەیەك پاش دانانی كە دەبێتە هۆی سك ئێشە و دەردراوی نائاسایی زێ و دواكەوتنی سووڕی مانگانە، چەقینی لەولەب لە دیواری منداڵدان لەكاتی دانانیدا.
Top