هۆكاری زەردبوونی ددان

هۆكاری زەردبوونی ددان
زۆربەی خەڵك خاوەن ددانی سپی بەفراوی نین، رەنگی سروشتی ددان لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازی هەیە و بە تێپەڕبوونی كات گۆڕانی بەسەردادێت. لەوانەیە كە رەنگی ددانەكان لەبەر كرداری ئاسایی جوین زەرد هەڵگەڕێن، بەتایبەتی پاش پەیدابوونی درزی وردی زەڕەبینی لە ماوەی چەند ساڵێكدا، ئەم درزانە بە پاشماوەی خۆراك پڕدەبنەوە، بەمەشەوە زبر دەبن و رەنگی سپی لەدەست دەدەن. لە هەمان كاتیشدا، گەلێك حاڵەت و نەخۆشی دەبنە هۆی زەردبوونی ددان وەكو زەبر، گرنگیی نەدان بە پاكوخاوێنی ددان، لێكدانی ددان لەكاتی نووستندا Grinding، بەكارهێنانی دەرمانی تێتراسایكلین Tetrecycline بۆ چارەسەری هەوكردنەكان لە تەمەنی بچووك كە ددانەكان لە قۆناغی دروستبووندان، جگەرەكێشان. پاراستنی پاكوخاوێنی دەم و ددان، رۆژانە شووشتنی ددان بە فڵچەی گونجاو و بەكارهێنانی مەعجوونی ددانی سپیكەرەوە Whitening toothpaste لەگەڵ بەكارهێنانی داوی ددان Floss تا رادەیەكی زۆر ددانەكان لە زەردبوون دەپارێزێت. زوو چارەسەركردنی حاڵەتەكانی وەكو زەبر و لێكدانی ددان لەكاتی نووستندا گرنگی هەیە بۆ رێگرتن لە رەنگبوونی ددان، هەروەها بەسەركردنەوەی تەندروستی ددانەكان بە شێوەیەكی دەوری.
Top