لەشی مرۆڤ بە دوو گورچیلەوە ماددە نەخوازراو و پاشەڕۆكان لە خوێنەوە فلتەر دەكات و پەستانی خوێن رێكدەخات. مرۆڤ دەتوانێت ژیانێكی ئاسایی بە یەك گورچیلەوە بەرێتە سەر و هەموو جۆرە خۆراكێك بخوات، بەڵام بەسەركردنەوەی تەندروستی بە شێوەیەكی دەوری كارێكی پێویستە. ئەو كەسانەی كە لەبەر هەر هۆكارێك بێت خاوەنی تەنیا یەك گورچیلەن، پێوستە كە گرنگییەكی زۆر بە خۆراكیان بدەن، بۆ نموونە كەمكردنەوەی شیرەمەنی و بەرهەمەكانی دانەوێڵە لە خۆراكدا، زیادكردنی سەوزە و میوە، لەگەڵ بڕی كەم، یان مامناوەندی لە خۆراكی پرۆتینی كەم چەوری، چونكە بڕی زیاد لە خۆراكی پرۆتینی گورچیلە ماندوو دەكات، لە هەمان كاتیشدا پێویستە كە بەردەوام چاودێری هەر ئاڵۆزییەكی پەیوەست بە گورچیلە بكەن، بۆ نموونە لەوانەیە كە دوچاری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بن، یان لەوانەیە كە ئاستی پرۆتین لە میزدا بەرزبێتەوە كە مانای گرفت لە فلتەركردنی خوێن لە گورچیلە دەگەیەنێت. ئەگەر پەستانی خوێن بەرز بوو، ئەوا پێویستە كە بڕی رۆژانەی خوێ بۆ تەنیا دوو گرام كەم بكرێتەوە لەگەڵ دووركەوتنەوە لە خۆراكی پرۆسێسكراو Processed food. لەكاتی دەركەوتنی هەر نیشانەیەكی پەیوەست بە كۆئەندامی میزەڕۆ بۆ چارەسەركردن و گۆڕینی خۆراك بە شێوەی كەمكردنەوەی پرۆتین و كەمكردنەوەی كانزایەكانی فۆسفۆر و پۆتاسیۆم بە مەبەستی پاراستنی گورچیلە پێویست بە سەردانی دكتۆر دەكات.