هەر جگەرەیەك چەند نیكۆتینی تێدایە؟

هەر جگەرەیەك چەند نیكۆتینی تێدایە؟
لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی كارگەی دروستكردنی جۆرەها جگەرە، نزیكەی هەموو جۆرەكان بە هەمان رێگا دروست دەكرێن. لەبەرئەوەی كە زۆربەی كۆمپانیا بەرهەمهێنەكان هەمان رێگە بەكاردێنن، جگەرە هەمان كاریگەری لەسەر جگەرەكێشدا هەیە بەبێ رەچاوكردنی جۆر و ماركە، ئەمە نیكۆتینیش بە هەمان شێوە دەگرێتەوە. كە جگەرە دادەگیرسێنرێت و دوكەڵەكەی هەڵدەمژرێت ئەوا نیكۆتینی ناو دووكەڵەكە لە سییەكانەوە هەڵدەمژرێت. جگەرەیەكی ئاسایی لە ئەمریكادا نزیكەی 9 ملگم نیكۆتین لەخۆدەگرێت كە بێگومان هەموو ئەم بڕە ناچێتە ناو سییەكانی جگەرەكێشەوە، بۆ نموونە بە تێكڕایی بە كێشانی جگەرەیەك كەمتر لە 1 ملگم نیكۆتین دەگاتە لەش. گەیشتنی 1 ملگم نیكۆتین بە لەش بەس نییە بۆ ئەوەی كە ببێتە ئەگەری زیانێكی هەمیشەیی. بەهەرحاڵ، شێوەی وەرگرتنی نیكۆتین و سەدان ماددەی تری ناو دووكەڵی جگەرە مەسەلەیەكی زۆر گرنگە بەتایبەتی ماددە قەترانییەكان Tar كە بە تێپەڕبوونی كات خانەی سییەكان لەناودەبەن. پاش هەڵكێشانی دووكەڵی جگەرە، ماددەی نیكۆتین تەنیا 10 چركەی پێویستە تا بگاتە شانەكانی مێشك، ئینجا پاش 5 خولەك دەگاتە هەموو بەشەكانی كۆئەندامی دەمار. لەگەڵ هەموو زیانە زانراوەكانی جگەرە، هێشتا نیكۆتین زیانی نەزانراوی دیكەی بۆ تەندروستی هەیە، جا گرنگ نییە كە بە چ شێوەیەك وەردەگیرێت و دەگاتە لەش.
Top