رێنمایی خۆراك بۆ خوێنبەخشەكان

رێنمایی خۆراك بۆ خوێنبەخشەكان
پاش خوێنبەخشین بە ماوەیەكی كەم لەوانەیە كە دوچاری ئەم نیشانانە بیتەوە كە بۆ ماوەیەك بەردەوام دەبن: هەستكردن بە ماندووبوون، هەستكردن بە سووكبوونی سەر، لەهۆشچوون. یەكێك لە رێگا كاریگەرەكان بۆ كەمكردنەوە یان نەهێشتنی ئەم نیشانانە بریتییە لە جۆری خۆراك پاش خوێنبەخشین، خۆراكی گونجاو یارمەتیدەرە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئاسن و پڕكردنەوەی كۆگای ڤیتامینەكان لە لەشدا. خۆراكی دەوڵەمەند بە كانزای ئاسن كە پێویستە بۆ دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن شان بە شانی خۆراكی دەوڵەمەند بە ڤیتامین C كە یارمەتی هەڵمژینی ئاسن لە ریخۆڵە دەدات. خۆراكە دەوڵەمەندەكان بە ئاسن وەكو سپێناغ، گۆشتی سوور، ماسی، گۆشتی پەلەوەڕ، پاقلەمەنییەكان، مێوژ. خۆراكە دەوڵەمەندەكان بە ڤیتامین C بریتین لە: میوە مرزەكان، تەماتە، قەرنابیت، بیبەری شیرین. فۆلێت یان ڤیتامین B9 گرنگە بۆ دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن، سەرچاوە خۆراكییەكانی ئەمانەن: جگەر، پاقلەمەنییە وشكەكان، هلیۆن Asparagus، سەوزە گەڵا تاریكەكان، شیرەی پرتەقال. ڤیتامین B2 و B6 گرنگی زۆریان هەیە و پێویستن بۆ دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن، سەرچاوە خۆراكییەكانیان بریتین لە: پەتاتە، مۆز، گۆشتی سوور، ماسی، هێلكە، سپێناغ، نۆك، سەوزە گەڵا تاریكەكان، شیرەمەنی بەتایبەتی ماست و شیر. خواردنی ژەمێك پاش خوێنبەخشین یارمەتیدەرە بۆ دووبارە بەرزكردنەوەی ئاستی وزەی لەش و دروستبوونی خانەكان و پێكهاتەكانی تری خوێن، هەروەها خواردنەوەی شلە گرنگی زۆری هەیە بەتایبەتی لە ماوەی 1-2 رۆژی پاش خوێنبەخشین لەگەڵ دووركەوتنەوە لە خواردنەوەی ئەلكهول.
Top