كافائین Caffeine ماددەی سەرەكییە لە چایدا كە پەیوەندی بە سەرئێشەوە هەیە. ئەمە راستییەكی زانستی چەسپاوە كە زۆر كەس تووشی ڕاهاتن یان خوپێوەگرتن Addiction بەم ماددەیە دەبن، ئەگەر ڕۆژێك چا یان قاوە نەخۆنەوە ئەوا تووشی سەرئێشە دەبن لەگەڵ هەستكردن بە پێویستییەكی توند بە ماددەی كافائین. ئەم جۆرەی سەرئێشە زیاتر بەیانیان پاش لەخەوهەڵسان سەرهەڵدەدات، بەڵام پاش خواردنەوەی پیاڵەیەك چای یان فنجانێك قاوە بە ماوەیەكی كەم سەرئێشەكە نامێنێت یان بەلای كەم سووكتر دەبێت. ئەم جۆرە سەرئێشەیەی كە پەیوەستە بە خواردنەوەی چا یان قاوە هەر 4-6 كاتژمێر جارێك دووبارە دەبێتەوە، بۆیە وا لە تووشبوو دەكات كە ڕێژەی یان بڕی خواردنەوەی چا یان قاوە بەرە بەرە زیاتر بكات. لێكدانەوەی زانستی بۆ روودانی ئەم جۆرە سەرئێشەیە ئەوەیە كە دەماری خوێنبەرەكانی مێشك تاڕادەیەك بەرانبەر بە مادەی كافائین هەستیار دەبن و هەركە ئەم ماددەیە نەگەیشتە ئەم خوێنبەرانە ئەوا سەرئێشەیەكی تا ڕادەیەك تووند سەرهەڵدەدات. ئەوەش ماوە بڵێین كە ڕۆژانە خواردنەوەی یەك كوپ چای یان پتر جگە لەوەی كە سەرئێشە لەو كەساندا ناهێڵێ، ئەگەری تووشبوونیش بە نەخۆشی لە خوێنبەرەكانی دڵدا كەم دەكاتەوە.