زۆر كەس پێیان وایە كە هەستكردن بە ماندووبوون بەشێكی ئاساییە لە ژیاندا، بەڵام لە راستیدا هەرگیز شتێكی ئاسایی نییە، بۆ نموونە ئێستا بەگشتی ئافرەت ماندووترە بە بەراورد بە رابردوو، بۆ نموونە پیشە، خێزان، ماڵ، منداڵ، لەگەڵ بەرپرسیارێتيی دیكە. زۆربەی ئافرەتان لە تەمەنی 30- 60 ساڵیدا تەنیا بۆ ماوەی 6 كاتژمێر دەخەون لەوكاتەی كە ئافرەت پێویستی بە 7- 9 كاتژمێر نووستن لە رۆژێكدا هەیە، ئەمە شان بە شانی سووڕی مانگانە و دووگیانی یان وەستانی یەكجارەكيی سووڕی مانگانە دەبنە ئەگەری گۆڕانی هۆرمۆنی لە لەشدا، ئەمەش دەبێتە هۆی هەستكردن بە ماندووبوون و بۆرژان لەكاتی جیاوازی رۆژدا. كەمخوێنی لەبەر كەمی كانزای ئاسن هۆكارێكی ترە بۆ بەردەوام هەستكردن بە ماندووبوون و بێهێزی گشتی لەش بەتایبەتی لە ئافرەتان، هەروەها تێكچوونی باڵانسی هۆرمۆنەكان بەتایبەتی هۆرمۆنی ئیسترۆجین، پرۆجێستیرۆن، تێستۆستیرۆن. سستبوونی یان كەمبوونەوەی چالاكی گلاندی دەرەقی Hypothyroidism هۆكارێكی ترە كە زیاتر لە ئافرەتدا دەبینرێت. یەكەم هەنگاو بۆ چارەسەركردن لە ماڵەوە بریتییە لە نووستنێكی تەواو، گەلێك كەس رۆژانە بۆ ماوەی 8- 9 كاتژمێر دەخەون بەڵام بە كوالیتییەكی خراپ، بۆیە بەردەوام لەكاتی رۆژدا هەست بە ماندووبوون دەكەن. ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی سەرەڕای سوودە زۆرەكانی بۆ تەندروستی، یارمەتی باشتركردنی كوالیتی خەو دەدات.