خواردنەوەی بڕی كەمی تایگەر Tiger یان جۆرەكانی تری خواردنەوە وزەبەخشەكان Energy drinks لەوانەیە كە كاریگەرییەكی نێگەتیڤی ئەوتۆ نەكاتە سەر تەندروستی، بەڵام خواردنەوەی بڕی زیاد لەبەر بڕی زیادی شەكر و كافائین كاریگەريی خراپی بۆ تەندروستی هەیە، هەروەها لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە بڕی زیادی خواردنەوە وزەبەخشەكان بۆ ماوەیەكی زۆر بەتایبەتی لە منداڵ و هەرزەكارەكاندا لەوانەیە كە مەترسیدار بێت. بڕی زیادی ماددەی كافائین لە تایگەر و جۆرەكانی تری خواردنەو وزەبەخشەكاندا كە دەگاتە نزیكەی 80 ملگم لە قوتووێكی 250 میللیلیتریدا، كاریگەريی خراپ دەكاتە سەر مێشك و كۆئەندانی دەمار بە شێوەی زوو هەڵچوون و پەستی لەگەڵ خێرابوونی لێدانەكانی دڵ، هەروەها وازهێنان لە تایگەر بە شێوەیەكی كتوپڕ دەبێتە هۆی سەرئێشە، هێڵنج، هەستكردن لە هیلاكی و شەكەتی. دوا لێكۆڵینەوەكان باس لەوە دەكەن كە پەیوەندی هەیە لە نێوان خواردنەوە وزەبەخشەكان و چەندین حاڵەت و نەخۆشیدا وەكو پەركەم، نەخۆشی شەكرە، نەخۆشییەكانی دڵ، گۆڕان لە هەڵسوكەوت و مەزاجدا. لە كۆتاییدا پێویستە ئەمە لەبیر نەكرێت كە بە پێی هەموو لێكۆڵینەوە و پێوەرە تەندروستییەكان، خواردنەوەی وزەبەخشەكان هیچ سوودی تەندروستییان نییە، هەروەها تێكەڵكردنی خواردنەوە وزەبەخشەكان لەگەڵ ئەلكهولدا گەلێك جار كارەساتی گەورە و كوشندەی لێدەكەوێتەوە.