زیاد خواردنەوەی ئاو هاندەرە بۆ دابەزاندنی كێش

زیاد خواردنەوەی ئاو هاندەرە بۆ دابەزاندنی كێش
ئاو هیچ وزە لەخۆناگرێت، بۆیە زیاد خواردنەوەی ئاو یارمەتی كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش دەدات بەتایبەتی كە دەبێتە جێگرەوە بۆ هەر خواردنەوە یان شلەیەك كە شەكر یان وزەی زۆر لەخۆدەگرێت وەكو سۆدا، نوشابە گازدارەكان، خواردنەوە وزەبەخشەكان Energy drinks، خواردنەوە ئەلكهولییەكان، شیرەی میوەی دەستكرد یان هەر شەلەیەكی شیرینكراو. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە زیاد خواردنەوەی ئاو لەوانەیە كرداری بەدەستهێنانی وزە لە خۆراكدا یان میتابۆلیزم Metabolism تاوبدات و رێگر بێت بۆ زیاد وەرگرتنی وزە لە خۆراكەوە. خواردنەوەی ئاو راستەوخۆ پێش ژەمی خۆراك هاندەرە بۆ خواردنی بڕێكی كەمتری خۆراك، چونكە قەبارەی ئاوەكە شوێنێك لەناو گەدە داگیر دەكات، بەمەوە پاش خواردنی بڕێكی كەمیی خۆراك هەستكردن بە پڕبوونی گەدە یان تێربوون زووتر دێتە پێشەوە، دەرەنجام كۆی كالۆری ژەمە خۆراكییەكە كەمتر دەبێتەوە، ئەمەش بنەمایەكی گرنگە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش بەتایبەتی لە تەمەنی ناوەند و بەساڵاچوواندا، ئەم مەسەلەیە لەوانەیە كە لە گەنجەكاندا روونەدات. زیاد خواردنەوەی هەر شلەیەكی بێ شەكر وەكو چای یان قاوە دەكەوێتە ناو هەمان سنووری زیاد خواردنەوەی ئاودا.
Top