كاتی ریجیم هاتووە

كاتی ریجیم هاتووە
ئێستا زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی بۆتە گرفتێكی تەندروستیی سەرتاسەری لە جیهاندا، لە هەرێمی كوردستانیشدا خەریكە دەبێتە گرفت. ئەمە راستییەكی زانستی چەسپاوە كە زیادبوونی كێش و قەڵەوی ئەمڕۆ یان سبەی ئاڵۆزی تەندروستی گەورە پەیدا دەكات، بۆ نموونە نەخۆشیی شەكرە، نەخۆشیی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، سەوەفانی جومگە، بەردی زراو، هەندێك جۆری شێرپەنجە. بۆیە بۆ پاراستنی تەندروستی، پێویستە كە هەر تاكێك بە وردی چاودێری كێشی لەشی خۆی بكات، ریجیمیش بەشێكی سەرەكییە بۆ كۆنترۆڵكردنی كێش. ریجیم Dieting واتە رێكخستنی بڕ و جۆری خۆراك بەمەرجێك كە هەرگیز نەبێتە هۆی كەمی هیچ ماددەیەكی خۆراكی گرنگ بەتایبەتی ڤیتامین و كانزا و ریشاڵ و ماددە دژەئۆكسانەكان كە بایەخی تەندروستیی زۆریان هەیە و كەمی هەر یەكێكیان كایگەریی نێگەتیڤی هەیە. ریجیم زۆر جۆری هەیە، باشترینیان كەمكردنەوەی وزەی گشتی رۆژانەیە كە بە پێی تەمەن و كێشی لەش لەلایەن دكتۆر رێكدەخرێت. ئەوەی كە هەر كەسێك دەتوانێت لە ئاستی خۆی پەیڕەوی بكات بریتییە لە: كەمكردنەوەی ئەو خۆراك و خواردنەوانەی كە كالۆری بەتاڵ بە لەش دەبەخشن وەك شەكر و شیرینی، چەوری زۆر بەتایبەتی چەورییە تێرەكان و چەورییە نێوەندەكان Trans fats، خۆراكی خێرا، هەویركاری بە ئاردی سپی، خۆراكی قووتووبەند، نوشابە گازدارەكان، شیرەی دەستكردی میوە.
Top