باشترین خۆراك بە پتەوكردنی سستمی بەرگریی لەش ئەو خۆراكانەن كە رێژەی بەرز لە ڤیتامین و كانزا و ماددەی دژەئۆكسان لەخۆدەگرن، بۆ نموونە ئەو خۆراكانەی كە رێژەیەكی بەرز لە ڤیتامین A لەخۆدەگرن یان بیتا كارۆتین و ماددەی كارۆتینۆیدەكان Carotenoids كە سیفەتی دژەئۆكسانیان هەیە و بایەخێكی تەندروستی بەرزیان هەیە وەكو: گێزەر، سپێناغ، كەلەرم، بیبەری شیرینی سوور، گەڵای خەردەل، شووتی. ڤیتامین C یان ترشی ئەسكۆربیك بەوە ناسراوە كە سستمی بەرگریی لەش بەهێز دەكات بەتایبەتی بەرانبەر بە بەكتریا و ڤایرۆسەكان، بۆ نموونە میوە مزرەكانی وەكو پرتەقال، لیمۆ، كیوی، لالەنگی، هەروەها بیبەری شیرین، قەرنابیت، تەماتە بڕی باشیان لەم ڤیتامینە تێدایە. ڤیتامین E یان تۆكۆفیرۆل Tocopherol كە لە چەوریدا دەتوێتەوە، دژەئۆكسانێكی بەهێزە، بەرگری لەش بەهێز دەكات، سەرچاوە خۆراكییەكانی بریتین لە سەوزە گەڵا تاریكەكان، تۆوەكان، گەنمەشامی، كاكڵەكان بەتایبەتی باوی، زەیتوون. جگە لەم ڤیتامینانە، كانزایەكانی زینك و سیلینیۆم Selenium گرنگن بۆ بەهێزكردنی بەرگریی لەش، تۆوەكان و كوارگ و كاكلەكانی وەكو گوێز و باوی سەرچاوەی باشن بۆ ئەم دوو كانزایە.