هۆرمۆن و تەنكبوونی قژ لە ئافرەتدا

هۆرمۆن و تەنكبوونی قژ لە ئافرەتدا
بەرزبوونەوە یان دابەزینی ئاستی هۆرمۆنەكان لە زۆربەی ئافرەتاندا هۆكارێكی سەرەكییە بۆ تەنكبوونی قژ. هۆرمۆنەكان رۆڵی بەرچاویان هەیە لە هەموو فرمانەكانی لەشدا، بۆ نموونە رێكخستن و گۆڕینی فرمانی زۆربەی ئەندامەكان. ئەو هۆرمۆنانەی كە كاریگەرییان لەسەر قژ هەیە لە ئافرەتدا بریتین لە: تێستۆستیرۆن Testosterone، پرۆجێستیرۆنProgesterone، ئیسترۆجین Estrogen. هۆرمۆنی نێرینە یان تێستۆستیرۆن بەرپرسە لە تەنكبوونی قژ لە ئافرەت و پیاودا، بەرزبوونەوەی ئاستی ئەم هۆرمۆنە هاوكات لەگەڵ دابەزینی ئاستی هۆرمۆنەكانی مێیینەدا لە لەشی ئافرەت دەبێتە ئەگەری قژهەڵوەرین هاوشێوەی قژهەڵوەرینی نێرینەیی لە پیاودا. كەمی هۆرمۆنی پرۆجێستیرۆن كە زیاتر لەپاش تەمەنی وەستانی یەكجارەكی عادەدا (45- 55 ساڵ) روودەدات دەبێتە ئەگەری هاندانی گلاندەكانی ئەدرینال بۆ دەردانی هۆرمۆنی ئەندرۆستیندایۆن Androstenedione كە سیفەتی نێرینەیی هەیە و قژ تەنك دەكات. زیادبوونی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین و دابەزینی بە خێرایی دەبێتە هۆی تەنكبوونی قژ وەكو ئەوەی كە لەكاتی دووگیانیدا بەدی دەكرێت، پاش منداڵبوون هاوسەنگی هۆرمۆنەكان دەگەڕێتەوە و قژهەڵوەرینیش دەوەستێت.
Top