ئارەقەی شەوانە

ئارەقەی شەوانە
ئارەقەی شەوانە Night sweats كە ببێتە هۆی تەڕبوونی جل و پێخەف بێ ئەوی كە دەوروبەر یان ژووری نووستن گەرم بێت ئەوا بە نائاسایی دادەنرێت و پێویستی بە سەردانی دكتۆر هەیە. هۆكارەكانی ئارەقەی شەوانە لە هەر دوو رەگەزدا بریتین لە: وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانە كە وا لە ئافرەت دەكات دوچاری گەرمبوونی ناوچەی سەر و مل Hot flushes بێت لەگەڵ ئارەقەی شەوانە، ژاراویبوونی گلاندی دەرەقی یان زیاد دەردانی هۆرمۆنەكانی گلاندی دەرەقی، دابەزینی ئاستی شەكری خوێن بەتایبەتی لەكاتی شەودا، تووشبووان بە نەخۆشی شەكرە كە دەرزی ئینسولین یان حەبی كۆنترۆڵكردنی شەكرە بەكاردێنن، هەوكردنەكان بەتایبەتی نەخۆشی سیل Tuberculosis كە باوترین هۆكارە بۆ ئارەقەی شەوانە، پاشان هەوكردنی ناوپۆشی زمانەكانی دڵ Endocarditis، هەوكردنی شانەكانی ئێسك، نەخۆشی ئایدز. ئارەقەی شەوانە یەكێكە لە نیشانە زووەكانی زۆربەی جۆرەكانی شێرپەنجە بەتایبەتی شێرپەنجەی شانە لیمفاوییەكان Lymphoma، بەڵام بەگشتی هاوكات دەبێت لەگەڵ نیشانەی تری وەكو دابەزینی كێشی لەش و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش. زیانی لابەلای دەرمان، بۆ نموونە دەرمانەكانی دژە خەمۆكی بە رێژەی 8- 22% دەبنە هۆی ئارەقەی شەوانە، هەروەها ئەسپرین، ئەسیتامینۆفین Acetaminophen. لە هەندێك جار لە بەر هۆكاری نادیار هەندێك كەس شەو و رۆژ زیاد لە ئاسایی ئارەقە دەكەن بێ ئەوەی كە هیچ نەخۆشی لەپاڵ بێت.
Top