بیبەری تیژ Hot peppers جگە لە چێژە گەرم و تیژەكەی، بە شێوەیەكی كاتی پلەی گەرمیی لەش بەرزدەكاتەوە كە هاوكاتە لەگەڵ ئارەقەكردن بەتایبەتی لەناوچەی سەر و ملدا كە پێی دەووترێت ئارەقەی چێژ. گەلێك كەس پاش خواردنی بیبەری تیژ هەست بە سووتانەوەی گەدە و دڵەكزێ Heartburn دەكەن، لە راستیدا بیبەری تیژ نەك هەر زیان بە شانەكانی ناوپۆشی گەدە ناگەیەنێت، بەڵكو سوودبەخشە بۆ گەدە. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە هەتا خواردنی 30 گرام بیبەری جەلەپینۆ كە یەكجار تیژە لە یەك كاتدا نابێتە ئەگەری هیچ زیانێك لە گەدە و بەشەكانی تری كۆئەندامی هەرسدا. ئەم سووتانەوەیەی ناوپۆشی گەدە كە لە ئەنجامی خواردنی بیبەری تیژەوە روودەدات، دەبێتە هۆی هاندانی دەمارەكانی ناوپۆشی گەدە بۆ دەردانی چەند ماددەیەك كە بۆڕییەكانی خوێن فراوان دەكەنەوە، بەمەشەوە بڕێكی زیاتر لە ماددەی بیكاربۆنات Bicarbonate بەردەست دەبێت و رێژەی بەرزیی ترشێتی ناو گەدە هاوسەنگ دەكاتەوە، هەروەها بۆڕییە فراوانبووەكانی خوێن ماددەی زیانبەخش لە گەدەدا لادەبەن و نایەڵن كە زیان بە ناوپۆشی گەدە بگەیەنن، پاشان یارمەتی چاكبوونەوەی هەر زیانێك دەدەن كە بە گەدە گەیشتبێت.