ئازار لەلای چەپی سك لە ئافرەتدا

ئازار لەلای چەپی سك لە ئافرەتدا
لای چەپی سك گەلێك ئەندام لەخۆدەگرێت، بۆیە هۆكار و نەخۆشیی جیاواز دەبنە ئەگەری سك ئێشە. لەبەر ئەوەی كە ئەندامەكانی سك لە پیاو و ئافرەتدا جیاوازییان هەیە، بۆیە هۆكارەكانی ئازار لە سكدا جیاوازییان هەیە، بۆ نموونە لە ئافرەتدا لەوانەیە كە هۆكاری ئازار لە لای چەپی سكدا بگەڕێتەوە بۆ نەخۆشی لە هێلكەدان، بۆڕی منداڵدان (تیوبی قالوپ Fallopian tube) یان منداڵدان، ئەمە جگە لە ئەندامە هاوبەشەكان لە هەر دوو رەگەزدا وەكو ریخۆڵە و گورچیلە و ئەندامەكانی تر. بەگشتی ئازار لە لای چەپی سك لە ئافرەتدا هۆكاری سادەی لەپاڵە، لەوانەشە كە هۆكاری گەورەی لەپاڵ بێت بەتایبەتی كە هاوكات بێت لەگەڵ هەناسەتەنگی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش. هۆكارەكانی ئازار لە لای چەپی سك لە ئافرەتدا ئەمانەن: گرژبوونی قۆڵۆن، كۆبوونەوەی گاز لە ریخۆڵەدا، قەبزی، ئازاری بەردی گورچیلە و هەوكردنی رێڕەوەكانی میزەڕۆ، هەوكردنی پەنكریاس Pancreatitis، كولبوونی گەدە یان دوازدەگرێ، ئازاری هەوكردنی شانەی سییەكان و ئازاری نەخۆشیی دڵ گەلێك جار بۆ ناوچەی سك بڵاودەبنەوە، گرژییەكانی سووڕی مانگانە، هەوكردنی كۆئەندامی زاوزێی ئافرەت، گرێی ریشاڵی منداڵدان Fibroid، شێرپەنجە، كیسی هێلكەدان Ovarian cysts، لەبارچوون، دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان.
Top