پاش تووشبوونی یەكێك بە نۆرەیەكی دڵ Heart attack پێویستە كە هەوڵ بدرێت بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی نۆرەیەكی تر كە لەوانەیە جاری دووەم كوشندە بێت ئەگەر جاری یەكەم كوشندە نەبووبێت، ئەمەش بە چەندین هەنگاو دەكرێت. پێویستە كە ستایلی ژیان بە تەواوی بگۆڕدێت، ئەگەر تووشبوو جگەرەكێش بێت، دەبێ واز لە جگەرە بێنێت، ئەم هەنگاوە كاریگەرترین هەنگاوە بۆ خۆپاراستن لە دووبارە روودانی نۆرەی دڵ تا رێژەی 50%. گۆڕینی خۆراك بۆ خۆراكێكی تەندروستییانەتر بە شێوەی زیادكردنی سەوزە و میوە بۆ 5 جار رۆژانە، كەمكردنەوەی چەورییە تێرەكان كە زیاتر لە خۆراكە ئاژەڵییەكاندا هەیە، كەمكردنەوەی خوێ، دووركەوتنەوە لە خواردنەوەی ئەلكهول. ئەگەر كێشی لەش زیادە ئەوا پێویست بە دابەزاندنی دەكات لەگەڵ مەشقی وەرزشی تەنیا لەژێر چاودێريی دكتۆردا. بەسەركردنەوەی پەستانی خوێن لە لایەن دكتۆر بە شێوەیەكی دەوری گرنگی زۆری هەیە چونكە پەستانی بەرز هۆكارێكی زەقە بۆ نەخۆشيی دڵ، بۆیە پێویستە كە بەردەوام لە 13080 ملم جیوە نزمتر بێت. گەڕانەوە بۆ سەر كار و پیشە لە ماوەی 2- 3 مانگ پاش تووشبوون بە نۆرەی دڵ ئاساییە، بەڵام جیاوازی لە نێو تووشبوواندا بەدی دەكرێت بە پێی ستایلی ژیان و توندی یان سووكی نۆرەی دڵ، بۆ نموونە هەندێك كەس دوچاری پەككەوتنی دڵ دەبن و توانای گەڕانەوەیان بۆ سەر كار نامێنێ. دووركەوتنەوە لە لێخۆڕینی ئۆتۆمبێل بۆ ماوەی 4 حەفتە بە لای كەم پاش تووشبوون بە نۆرەی دڵ. سەفەركردن بە فڕۆكە لە ماوەی 2- 3 حەفتە لە رۆژی تووشبوون بە نۆرەی دڵ ئاساییە بەتایبەتی كە حاڵەتەكە جێگیر دەبێت. نابێت دەرمانی لاوازيی سێكسی وەكو حەبی ڤیاگرا بە هیچ شێوەیەك بە بێ رێنمایی دكتۆر بەكاربهێنرێت.