با خۆراكت سروشتی بێت

با خۆراكت سروشتی بێت
خۆراكی سروشتی Natural food بەوە پێناسە دەكرێت كە هیچ مامەڵەیەكی كیمیایی یان فیزیایی لەگەڵدا نەكرابێت، بۆ نموونە هیچ ماددەیەكی كیمیایی زیادەی تێنەكراوە بە مەبەستی خۆشكردنی چێژ یان بۆن یان رەنگ، كەچی خۆراكی ناسروشتی یان خۆراكی دەستكرد Processed food باركراوە بە زەیتی هایدرۆجینكراو، رەنگ و بۆن و چێژی دەستكرد، رێژەیەكی بەرزيی شەكر، شیرینكارە دەستكردەكان Artificial sweeteners، چەورییە نێوەندەكان. خۆراكە ناسروشتییەكان لە لایەنی بەهای خۆراكییەوە لاوازن، پێكهاتە سەرەكییەكانیان بریتین لە: كالۆری بەتاڵ یان شەكر، چەوری، نیشاستە، ئاردی سپی، ئاو، بۆیە و چێژی دەستكرد، چەندین ماددەی كیمیایی تر بۆ پاراستنیان لە تێكچوون و بۆگەنبوون Preservatives. ئەگەر خۆراكی یەكێك بە شێوەیەكی سەرەكی لە خۆراكە دەستكردەكان پێكهاتبێت، ئەوا ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشيی گەورە زیاتر دەبێت وەكو نەخۆشی دڵ، شێرپەنجە، نەخۆشيی شەكرە، قەڵەوی. خۆراكە دەستكردەكان
جگە لە خۆراكی خێرا، سۆدا، كێك، بسكویت و كراكەرز، ساردەمەنی و سۆفت درینك Soft drinks، هەموو خۆراكە قوتووبەند و فریزكراوە و وشككراوەكانیش دەگرێتەوە. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە پەیوەندی هەیە لە نێوان خۆراكە دەستكردەكان و تووشبوون بە چەندین حاڵەت و نەخۆشی بۆ نموونە: گرژبوونی قۆڵۆن، دڵەكزێ، شەقەسەر، هەستەوەری، زیادبوونی چالاكيی بەدەنی لە منداڵان، رەبو، نەخۆشییەكانی جگەر و پێست و كۆئەندامی هەناسە.
Top