كەمكردنەوەی چەورییە تێرەكان Saturated fats لە خۆراكی رۆژانەدا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان كەمدەكاتەوە، بەڵام ئەمەش گرنگە كە كام خۆراك دەبێتە جێگرەوەی چەورییە تێرەكان. بە پێی رێنمایی ئەكادیمیای پسپۆڕانی خۆراكی ئەمەریكی، وا باشە كە رێژەی چەوری گشتی لە 20- 35% ی وزەی خۆراكی رۆژانە زیاتر نەبێت و رێژەی چەورییە تێرەكان لە 10% ی وزەی گشتی تێپەڕ نەكات. لەوكاتەی كە بە تێكڕایی یەكێكی پێگەیشتوو رۆژانە پێویستی تەنیا بە 2000 كالۆری وزە هەیە، پێویستە كە بڕی چەورییە تێرەكان لە خۆراكی رۆژانەدا لە 22 گرام زێتر نەبێتن بۆ نموونە كە دەكاتە 113 گرام پەنیری شیدار، یان 2 كوپ ئایس كرێم، یان 2 دانە كیسبێرگەر Cheeseburger. لەجیاتی چەورییە تێرەكان هەوڵ بدە كە چەورییە ناتێرە یەكانەكان Monounsaturated fats و چەورییە فرەناتێرەكان Polyunsaturated fats بخەیتە خۆراكتەوە، بۆ نموونە ماسی، تۆوەكان، پاقلەمەنییەكان، زەیتی زەیتوون، زەیتی كانۆلا، كاكلەكانی وەكو گوێز و باوی و كازو و فستق، بەمەوە ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ لە خوێندا دادەبەزێت و ئەگەری نەخۆشیی كۆئەندامی دڵ و سووڕان كەم دەبێتەوە، لەگەڵ دابەزینی پەستانی خوێن. هەرگیز چەورییە نێوەندەكان Trans fats مەكە جێگرەوە بۆ چەورییە تێرەكان، بۆ نموونە كەرە، رۆنی رەقی رووەكی، ئەو خۆراكانەی كە بە زەیتی هایدرۆجینكراو ئامادە كراون، ئەم جۆرە چەورییانە زیاتر لە چەورییە تێرەكان ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و خوێنبەرەكان زیاد دەكەن.