مەترسیی بەكارهێنانی دەرمانی ئێكسپایەربوو

مەترسیی بەكارهێنانی دەرمانی ئێكسپایەربوو
بە گوێرەی ئامارێكی ئەمەریكی لە ماڵی زۆربەی خەڵكدا 1-2 قوتوو دەرمانی ئێكسپایەربوو Expired drugs هەیە. ئەگەرچی بە پێی لێكۆڵینەوەكانی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی هارڤارد بەكارهێنانی 90%ی دەرمانە ئێكسپایەربووەكان زیانێكی بەرچاو و مەترسیداریان لەسەر تەندروستیدا نییە، بەڵام پسپۆڕانی تەندروستی بە توندی جەخت لەوە دەكەنەوە كە باش نییە بە هیچ شێوەیەك دەرمانی ئێكسپایەر بوو بەكاربهێنرێت. زۆربەی هەرە زۆری دەرمانە ئیكسپایەربووەكان كاریگەرییان لەدەست دەدەن واتە لە لەشدا كارناكەن وەكو دەرزی هۆرمۆنی ئینسولین Insulin كە بۆ نەخۆشیی شەكرە و حەبی نایترۆگلیسرین Nitroglycerin كە بە شێوەی حەبی بن زمان بۆ ئازاری نەخۆشیی دڵ بەكاردێت. دەرمانەكان بریتیین لە ئاوێتەی كیمیایی، لەوانەیە كە بە تێپەڕبوونی كات گۆڕان بەسەر رەنگ و بۆن و تامیاندا بێت، هەروەها لەوانەیە كە دوچاری شیبوونەوە یان تێكشكانی كیمیایی یان گۆڕان لە پێكهاتەكانیان ببنەوە، ئەمەش كاریگەریی خراپ دەكاتە سەر لەش. بەكارهێنانی دەرمانی دژەژی یان دژەبەكتریا كە كۆن یان ئێكسپایەر بووبێت، حاڵەتی نەخۆش خراپتر دەكات بەوەی كە نەك نابێتە هۆی لەناوبردنی بەكتریا واتە هەوكردن، بەڵكو وا لە بەكتریا دەكات كە بەهێزتر بێت و هەوكردن سەختتر بكات و بەرگری بەرانبەر بە دەرمان پەیدا بكات هەتا ئەگەر كۆرسێكی تەواو لە دەرمانی نوێی دژەبەكتریا بەكاربهێنرێت.
Top