بیبەری ڕەش Black pepper جگە لە خۆشكردنی بۆن و چێژی خۆراك، بەهایەكی خۆراكیی بەرزیشی هەیە بەوەی كە سیفەتی دژەئۆكسان و دژەبەكتریای هەیە. بیبەری ڕەش هانی دەردانی ترشی هایدرۆكلۆریك HCL لە گەدە دەدات كە پێویستە بۆ باشتركردنی كرداری هەرسكردنی خۆراك بەتایبەتی خۆراكە پرۆتینییەكان، ئەم ترشەڵۆكەی گەدە جگە لەوەی كە زۆر پێویستە بۆ هەرسكردنی خۆراكە پرۆتینییەكان، ئەو میكرۆبانەش لەناو دەبات كە لەگەڵ خۆراكەوە دەگەنە گەدە. بە پێی چەند لێكۆڵینەوەیەك، بیبەری ڕەش رێگرە لەبەردەم كۆبوونەوەی گاز لەناو گەدە و ریخۆڵەدا. جگە لەمانە، بیبەری ڕەش یارمەتی كرداری ئارەقەكردن دەدات و فرمانی گورچیلەكان باشتر دەدات. لە هەندێك حاڵەت و نەخۆشیدا، پێویست بە دووركەوتنەوە دەكات لە خواردنی بیبەری ڕەش ئەگینا نیشانەكان سەرهەڵدەدەن یان سەختتر دەبن، بۆ نموونە: هەستەوریی قوڕگ یان هەستەوەریی گشتی، دڵەكزێ یان گەڕانەوەی ترشەڵۆكی گەدە بۆ بەشی خوارەوەی سوورێنچك GERD، هەوكردنی گەدە، كولبوونی گەدە یان كولبوونی دوازدەگرێ. ئەو كەسانەی كە پارێزیان هەیە لە چەوری وەكو نەخۆشانی دڵ و نەخۆشانی شەكرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، دەتوانن كە لە جیاتی چەوری بۆ پتر چێژوەرگرتن لە خۆراك بیبەری ڕەش بخەنە خۆراكییانەوە.