سەرئێشە بەشێكی ئاساییە لە باڵغبوون و تەمەنی هەرزەكاریدا، زیاتر لە كچدا بەدی دەكرێت. لە نێوان ئەركەكانی ماڵەوە و هۆرمۆنەكاندا هەرزەكار ناوە ناوە تووشی سەرئێشە دەبێت. لەگەڵ گەشەكردنی جەستەییدا لە ساڵەكانی هەرزەكاریدا ئەگەری نۆرەكانی سەرئێشە زیاتر دەبێت كە لە تەمەنی 15 ساڵیدا رێژەكەی دەگاتە 60- 82%. پێش تەمەنی باڵغبوون، كوڕەكان زیاتر لە كچ دوچاری سەرئێشە دەبنەوە، كەچی پاش تەمەنی هەرزەكاریی كچ زیاتر لە كوڕ دوچاری سەرئێشە دەبێت. گێژاوی هۆرمۆنەكان لە لەشی هەرزەكاردا هۆكاری سەرەكییە بۆ سەرئێشە، هەروەها دەستپێكی نۆرەی شەقەسەر Migraine لە هەندێك كچدا بە هۆی ئاستی بەرزی هۆرمۆنی ئیسترۆجین Estrogen كە هۆرمۆنی سەرەكی مێیینەیە، بۆیە كچ زیاتر لە كوڕ تووشی شەقەسەر دەبێت. جگە لە هۆرمۆنەكان، چەند هۆكارێك وروژێنەرن بۆ سەرئێشە وەكو: دواخستنی ژەمە سەرەكییەكانی خۆراك، عادە، شوكولاتە، گۆشتی قوتوو بەتایبەتی لانشۆن و هۆت دۆگ، سترێسی قوتابخانە و دەوروبەر، پەستی و نیگەرانی، مەشقی وەرزشی توند و زیاد. ئەگەر نۆرەكانی شەرئێشە هەفتانە 3 جار یان زیاتر بن، یان سەرئێشەكە زۆر توند و نیشانەی تری لەگەڵدا بێت، ئەوا پێویست بە سەردانی دكتۆر دەكات.